بەریتانیا هۆشداری بە هاووڵاتییانی دەدات لە گەشتکردن بۆ شرنەخ و جۆلەمێرگ
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هۆشداری بە هاووڵاتییانی دەدات، ئەوانەی بۆ گەشتکردن روو لە تورکیا و باکووری کوردستان دەکەن، گەشت بۆ پارێزگاکانی شرنەخ و جۆلەمێرگ نەکەن.
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دەڵێ، هەردوو پارێزگای شرنەخ و جۆلەمێرگ نزیکەی 10 کم لە سنوورەکانی سووریاوە نزیکن و "ئەو سنوورانەش لە ریزبەندیی ناوچە هەرە مەترسیدارەکان لە رووی ئاسایشەوە لە لیستی وەزارەتەکەماندا هاتوون"، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی دەکات "ئەوانەی بەنیازی گەشتکردنن" بۆ تورکیا و باکووری کوردستان، روو لەم دوو شارە نەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا پێشبینی دەکات بۆ وەرزی گەشتوگوزاری ئەمساڵ، زیاتر لە ملیۆنێک گەشتیاری بەریتانی روو لە تورکیا بکەن. هۆکاری سەرەکیی گەشتکردنەکەش بەهۆی دابەزینی نرخی لیرەی تورکی لە بەرامبەر پاوەندی ستەرلینی دەگەڕێننەوە.
ساڵی رابردوو، 764 هەزار و 933 گەشتیاری بەریتانی، سەردانی تورکیا و باکووری کوردستانیان کردبوو.