یۆنان داوای کڕینی 20 فڕۆکەی F-35 لە ئەمریکا دەکات

01-07-2022
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو - هەولێر

یۆنان داواکاری بۆ کڕینی 20 فڕۆکەی جەنگیی F-35 بۆ ئەمریکا بەرزکردووەتەوە. ئەم هەنگاوەی یۆنان بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرگریی ئەو وڵاتەیە بەهۆی زۆربوونی ململانێکانی لەگەڵ تورکیا.
 
رۆژی پێنجشەممە 30-6-2022، کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بە رۆژنامەڤانانی گوت، یۆنان خواستی بۆ کڕینی 20 فڕۆکەی F-35 نیشانداوە، هاوکات لەوانەیە دوای ئەوە 20 فڕۆکەی دیکەش داوا بکەن.
 
میتسۆتاکیس دەڵێت، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا داوکارییان بۆ مامەڵەکە بەرزکردووەتەوە، هەروەها باسی لەوەش کردووە، پێشبینی دەکەن پێش ساڵی 2027 یان 2028 فڕۆکەکانیان بەدەست بگات.
 
یۆنان و تورکیا ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆن، بەڵام ساڵانێکە لەسەر چەند ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە وزە بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست، کێشە لە نێوانیاندا هەیە.
 
دوایین کێشەی نێوان ئەو دوو وڵاتە بریتییە لە جموجووڵە سەربازییەکانی یۆنان لەو دوورگانەی کە بەشێکن لە وڵاتەکە. ئەنکەرە یۆنان بەوە تۆمەتبار دەکات، هێزی چەکداری و بنکەی سەربازی لەو دوورگانە جێگیرکردووە؛ ئەمە لە کاتێکدایە یۆنان هۆکاری جێگیرکردنی هێز لەو دوورگانە بۆ هەستکردن بە مەترسیی هێرشی تورکیا دەگەڕێنێتەوە.
 
حکومەتی یۆنان پێشتر داوای 24 فڕۆکەی جەنگیی جۆری رافایلی لە فەرەنسا کردووە، شەش فڕۆکەی نوێ و 18 فڕۆکەشیان پێشووتر لە لایەن هێزی ئاسمانیی فەرەنساوە بەکارهاتوون. یۆنان هاوکات دەیەوێت سێ کەشتی جەنگی دروستکراوی فەرەنساش بکڕێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە