خۆپێشاندەرانی لیبیا هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی پەرلەمان

 
رووداو دیجیتاڵ 

خۆپێشاندەران هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی پەرلەمانی لیبیا لە شاری تەبرووق؛ توڕەیی ئەوان بەهۆی بەردەوامی چەقبەستوویی سیاسی و خراپبوونی دۆخی ژیانەوەیە. 
 
بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەوە، خۆپێشاندەران لەبەردەم باڵەخانەی پەرلەمان کۆبوونەوە و تایەیان سووتاند و دواتریش ژمارەیەکیان چوونە نێو باڵەخانەکەوە. بەشێک لە میدیاکانیش بڵاویانکردەوە، خۆپێشاندەرانی توڕە ئاگریان لە بەشێکی باڵەخانەکە بەرداوە. 
 
رۆژی هەینی لە لیبیا پشووە، هەربۆیە لە کاتی هەڵکوتانە سەر باڵەخانەی پەرلەماندا هیچ پەرلەمانتارێک لەوێ نەبوو. 
پەرلەمانی لیبیا لە تەبرووقە و سەتان کیلۆمەتر لە تەرابلووسی پایتەختەوە دوورە. 
 
موعەممەر قەزافی لە کۆتایی ساڵی 2011 کوژرا و دوای ئەوە قۆناخێکی پڕ لە قووڵبوونەوەی جیاوازی لە نێوان هێزە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە دەستیپێکرد. 
 
بڕیاربوو لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی و پەرلەمان لە لیبیا بەرێوەبچێت، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و نەهێشتنی ئەو دابەشبوونەی وڵاتی گرتووەتەوە، بەڵام هەڵبژاردنەکان بەهۆی جیاوازی لە بۆچوون و ویستی هێزەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئەو وڵاتەوە نەکران.
 
رۆژی پێنجشەممە 30-6-2022، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، هەوڵەکانی بە مەبەستی نەهێشتنی چەقبەستوویی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە بێ ئەنجام بوون.