کۆریای باکوور باڵۆنی پڕ خاشاک بۆ کۆریای باشوور دەنێرێت
رووداو دیجیتاڵ
سوپای کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، کۆریای باکوور باڵۆنی پڕ خاشاکی بۆ وڵاتەکەیان ناردووە. کۆریای باکووریش دەڵێت، ئەمە وەڵامی چەند نامەیەک بووە کە کۆریای باشوور بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەیانی ناردووە و تێیاندا پڕوپاگەندە دژی رێبەری وڵاتەکە کراوە.
رۆژی شەممە، 1ـی حوزەیرانی 2024، دەستەی هاوبەشی سوپای کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، "دووبارە کۆریای باکوور ژمارەیەک باڵۆن کە خاشاکیان تێدایە، بۆ کۆریای باشوور ناردووە."
هەر ئەمڕۆ حکومەتی سیئۆل لە نامەیەکدا بۆ دانیشتووانی شارەکە و دەوروبەری، رایگەیاند چەند تەنێکیان لە ئاسمانی شارەکە بینیوە و سوپا سەرقاڵی رووبەڕووبوونەوەیانە. دەشڵێت، داوا لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەکەن لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو، دەستەی هاوبەشی سوپای کۆریای باشوور رایگەیاند، کۆریای باکوور 260 باڵۆنی پڕ لە خاشک، بەتایبەت پاشماوەی جگەرە و پاتری، بۆ وڵاتەکەیان ناردووە. دوێنێ، وەزارەتی یەکگرتووی کۆریای باشوور رایگەیاند، ئەگەر پیۆنگیانگ دەست لەو کارە هەڵنەگرێت، کاردانەوەیان دەبێت.
لە بەرامبەردا پیۆنگیانگ رایگەیاند، ناردنی ئەو باڵۆنانە بۆ کۆریای باشوور "دیارییەکی گەورەیە" لەبەرامبەر ناردنی ژمارەیەک باڵۆن، کە نووسراویان تێدایە و پڕوپاگەندەی دژی کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور تێدا بووە.