رووداو دیجیتاڵ
سوپای کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، کۆریای باکوور باڵۆنی پڕ خاشاکی بۆ وڵاتەکەیان ناردووە. کۆریای باکووریش دەڵێت، ئەمە وەڵامی چەند نامەیەک بووە کە کۆریای باشوور بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەیانی ناردووە و تێیاندا پڕوپاگەندە دژی رێبەری وڵاتەکە کراوە.
رۆژی شەممە، 1ـی حوزەیرانی 2024، دەستەی هاوبەشی سوپای کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، "دووبارە کۆریای باکوور ژمارەیەک باڵۆن کە خاشاکیان تێدایە، بۆ کۆریای باشوور ناردووە."
هەر ئەمڕۆ حکومەتی سیئۆل لە نامەیەکدا بۆ دانیشتووانی شارەکە و دەوروبەری، رایگەیاند چەند تەنێکیان لە ئاسمانی شارەکە بینیوە و سوپا سەرقاڵی رووبەڕووبوونەوەیانە. دەشڵێت، داوا لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەکەن لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو، دەستەی هاوبەشی سوپای کۆریای باشوور رایگەیاند، کۆریای باکوور 260 باڵۆنی پڕ لە خاشک، بەتایبەت پاشماوەی جگەرە و پاتری، بۆ وڵاتەکەیان ناردووە. دوێنێ، وەزارەتی یەکگرتووی کۆریای باشوور رایگەیاند، ئەگەر پیۆنگیانگ دەست لەو کارە هەڵنەگرێت، کاردانەوەیان دەبێت.
لە بەرامبەردا پیۆنگیانگ رایگەیاند، ناردنی ئەو باڵۆنانە بۆ کۆریای باشوور "دیارییەکی گەورەیە" لەبەرامبەر ناردنی ژمارەیەک باڵۆن، کە نووسراویان تێدایە و پڕوپاگەندەی دژی کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور تێدا بووە.
هەر ئەمڕۆ شین وۆن سیک، وەزیری بەرگریی کۆریای باشوور رایگەیاند، ناردنی باڵۆنی پڕ پاشماوە، رەفتارێکی "ئاست نزمانەیە." دەشڵێت "ئەو باڵۆنانەی کۆریای باکوور باسیان دەکات، هاوکاریی مرۆییان تێدابووە."
ساڵی 2018 پەیوەندیی هەردوو کۆریا گەیشتە باشترین ئاست و رێککەوتن کە هەموو کارێکی دژی یەکدی رابگرن، لەوانەش ناردنی نامە لەدژی یەکدی.
ساڵی 2020 پەرلەمانی کۆریای باشوور یاسایەکی پەسند کرد، کە تێیدا ناردنی نامە و پروپاگەندەی سیاسی بۆ کۆریای باکوور بە تاوان دانا. ئەو کات چالاکڤانانی ئەو وڵاتە رەتیان کردەوە بوەستن.
هەر لەو ساڵەدا، دژی ناردنی نامیلکەی سیاسی بۆ وڵاتەکەیان، پیۆنگیانگ هەموو پەیوەندییەکی سیاسی و سەربازی لەگەڵ سیئۆل راگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ