رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە واشنتن و پەکین بەردەوام بن لە گفتوگۆ سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەی پاسفیکی ئاسیا. سوپاسالاری چینیش ئەمریکا بە گەورەترین ئاڵنگاری بەردەم ئاشتی دەزانێت.
رۆژی شەممە، 1ـی حوزەیرانی 2024، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆڕبەندی ئاسایشی سەنگاپوور بە سەرۆکایەتیی شاندێک لەگەڵ شاندێکی چینی بە سەرۆکایەتی جین جیانفینگ، سوپاسالاری چین کۆبووەوە.
لەو کۆڕبەندەدا، وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتی "هەموو گفتوگۆیەک دڵخۆشکەر نابێت، بەڵام گرنگە بەردەوام بین لە گفتوگۆ." دەشڵێت: "بە بۆچوونی من، جەنگ لەگەڵ چین شتێک نییە زوو رووبدات، بەڵام ناشتوانین خۆمانی لێ لابدەین."
وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "کاتێک ئەمریکا لە ئارامیدا دەبێت، کە ئاسیا ئارام بێت. بۆیە ئەمریکا ماوەیەکی زۆرە لە ناوچەکەیە (ناوچەی پاسفیکی ئاسیا)." ئەوەشی خستەڕوو، "لێرە دەبین و جێیناهێڵین."
لە بەرامبەردا سوپاسالاری چین ئەمریکای بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی "هاوشێوەی ناتۆ لە ناوچەی پاسڤیکی ئاسیا" تۆمەتبار کرد. گوتیشی، ئەمریکا "گەورەترین ئاڵەنگارییە لەبەردەم سەقامگیری و ئاشتیی ناوچەکە."
سوپاسالاری چین ئاماژەی بەوە کرد، ستراتیژییەتی ئەمریکا لە ناوچەی ئیندۆ-پاسفیکی ئاسیا دەبێتە هۆی دابەشکاری، پێکدادان و ناسەقامگیری.
چەند کێشەیەکی ئەمنی، ئابووری و سیاسی لەنێوان واشنتن و پەکیندا هەن. بەشێک لەوانە پەیوەندیدارن بە تایوان، سەنگاپوور و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەی پاسفیکی ئاسیا. مانگی رابردووش، چین چەند چالاکییەکی سەربازیی لەنزیک سنوورەکانی تایوان کرد، ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی گرژییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا.
کۆڕبەندی ئاسایشی سەنگاپوور ئەمڕۆ دەستیپێکرد و سبەی کۆتاییدێت؛ لەو کۆڕبەندەدا سەرکردەکانی جیهان باسی پرۆسەی ئاشتی لە جیهان و رێگرییەکانی بەردەمی و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەندیدار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ