رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە رووداوێکی تەقەکردندا لە شاری هاگن، چوار کەس بریندار بوون، کە بەشێکیان برینیان سەختە.
رۆژی شەممە، 1ی حوزەیرانی 2024، زنار شنۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەڵمانیا گوتی، لە شاری هاگن کەسێک تەقەی کردووە و چەند کەسێکی بریندار کردووە، پاشان رایکردووە. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا تەقەکەرەکە دەستگیرنەکراوە.
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و داوا دەکات خەڵک لە شوێنی رووداوەکە دوور بکەونەوە.
پۆلیسی هاگن لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، رووداوەکە لە سەنتەری شاری هاگن بووە کە ناوی هاگن-ئیلپە. ئەوەشی خستەڕوو، چوار کەس بریندار بوون، برینی بەشێکیان سەختە.
پۆلیس لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیاندا بۆیان دەرکەوتووە؛ رووداوەکە لەوانەیە لە کێشەیەکی خێزانییەوە دروست بووبێت. لە راگەیێندراوێکی دیکەشدا ئەوەی خستەڕوو، "بە گوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، تەقەکەرەکە پیاوێکی تورکی تەمەن 34 ساڵ بووە."
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە، دوێنێ لە شاری مانهایمی ئەڵمانیا هاووڵاتییەک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر گردبوونەوەیەکی لایەنگرانی راستڕۆکان و چەند کەسێکی بریندار کرد.
شاری هاگن لە هەرێمی نۆرت راین ڤێستفالیای و ژمارەی دانیشتووانەکەشی نزیکەی 200 هەزار کەسە.
بەگوێرەی پۆلیسی ئەڵمانیا، پار 214 هەزار و 99 رووداوی تووندوتیژییان لەلا تۆمارکراوە، ئەو ژمارەیەش بەراورد بە پێرار 8.6% زیاتر بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ