جیهان
سوپای سوودان ئەم وێنەیەی لە 30ـی ئایاردا بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی سوپای سوودان دەردەکەوێت لەکاتی سەردانکردنی سەربازان
رووداو دیجیتاڵ
سوپای سوودان لە دانوستاندنەکانی ئاگربەست لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا، کشایەوە و هێرشی کردە سەر بنکەکانی هێزەکە لە شاری خەرتووم و بەوە تۆمەتباری کردن، پابەندی بەڵێنەکانیان نەبوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2023) سوپای سوودان راگەیێندراوێكی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا هیچ بڕگەیەک لە رێککەوتنەکەی جەددەیان جێبەجێنەکردووە و کشانەوەی سوپای لە رێککەوتنەکە راگەیاند.
سوپای سوودان لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت "لە گفتوگۆکان کشاینەوە، چونکە یاخیبووەکان هیچیەک لە بڕگەکانی ئاگربەستە کورتخایەکانیان جێبەجێنەکرد، کە دەبوو لە نەخۆشخانە و باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون بکشێنەوە".
رۆژی سێشەممە، 30ـی ئایاری 2023، عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندی سوپای سوودان لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: "نامانەوێت هێزی کوشندە بەکاربهێنین، تائێستا هەموو هێزی خۆمان بەکارنەهێناوە؛ نامانەوێت وڵات وێران بکەین".
فەرماندی سوپای سوودان هەروەها گوتی "ئەگەر دوژمن پابەند نەبێت، ئێمە ناچاردەبین هەموو هێزی خۆمان بۆ رووبەڕووبوونەوەیان بەکاربهێنین".
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی ئایاری 2023، سوپای سوودان بە سەرۆکایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرای سوودان بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەمدان دەگەلۆی لە شاری جەددەی سعودیە "رێککەوتننامەی پابەندبوون بە پاراستنی هاووڵاتییانی سیڤیلی سوودان"ـیان واژۆ کرد. بەگوێرەی رێککەوتننامەکە، "هەردوولا پابەند دەبن بە ئاسانکاری لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییە پێویستەکان بە خەڵکی سڤیلی وڵاتەکە".
لە رێککەوتننامە هاوبەشەکەی نێوانیاندا ئاماژە بەوە کراوە "هەردوولا رێگەخۆش دەکەن تاوەکو خزمەتگوزارییەکانی وڵاتەکە، وەکو کارەبا و ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان بگەڕێندرێتەوە. هێزە چەکدارەکانی هەردوولا لە نەخۆشخانە و نۆڕینگەکان دەکشێنەوە و رێگە دەدەن کوژراوەکان بە رێزەوە بە خاک بسپێردرێن".
هەر لە رێککەوتننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەنگاوی داهاتوویان هەوڵدان دەبێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی راگەیاندنی 10 رۆژ ئاگربەست و دواتر هەوڵ بۆ چارەسەری یەکجارەکی کێشەکانی نێوانیان دەدرێت، بەڵام ئەوە نەبووەتە هۆی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
لە 15ـی نیسانەوە شەڕ و پێکدادانە نێوخۆییەکان لە سوودان بەردەوامن. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە هەزار و 800 کەس بەهۆی شەڕی نێوخۆیی سوودانەوە کوژراون، زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار کەس لە وڵاتە 28 ملیۆن کەسییەکەدا ئاوارەبوون و، نزیکەی 425 هەزار کەسیش بەرەو وڵاتانی دراوسێی سوودان هەڵاتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ