قەدەخەی هاتووچۆ لە مالیزیا دەستیپێکرد


رووداو دیجیتاڵ 

لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممەوە، قەدەخەی گشتیی هاتووچۆ لە مالیزیا بەهۆی بڵاوبوونەوەی فراوانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەستیپێکرد.
 
ساڵی رابردوو مالیزیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکەیان راگەیاندبوو، بەڵام لە مانگی ئایاردا شەپۆلێکی  گەورەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە دەستیپێکرد بە جۆرێک لە 40٪ـی هەموو ئەوانەی بە ڤایرۆسەکە تاوەکو ئێستا لە مالیزیا گیانیان لەدەستداوە، لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا تۆمارکراون، بەوەش مانگی ئایار خراپترین کات بووە بۆ مالیزیا لەوەتەی ڤایرۆسەکە بڵاوبووەتەوە.
 
بڵاوبوونەوەی ئەمجارەی ڤایرۆسەکە بە فراوانی، لە مانگی رەمەزان و دواتر بەهۆی جەژنی رەمەزانەوە بەو جۆرە بڵاوبووەتەوە، کاتێک خەڵک زیاتر چوونەتەوە دەرەوە و تێکەڵ بوون و بەوهۆیشەوە جۆرێکی گۆڕاوی کۆرۆنا لەو وڵاتە بڵاوبووەتەوە کە وایکرد ڤایرۆسەکە بەو جۆرە بڵاوبببێتەوە و ژمارەی تووشبووانی رۆژانەش لە هەفتەی رابردوو بۆ زیاتر لە نۆ هەزار بەرزبووەوە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2020 دا ئاماری رۆژانەی تووشبوون لەو وڵاتە بەرزترین ئاستی دوو هەزار و 300 تووشبووی رۆژانە بووە.
 
قەدەخەی هاتووچۆ لە مالیزیا بە جۆریکە کە جگە لە شوێنە زۆر پێویستەکانی وەک نەخۆشخانە، خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، سوپەرمارکێت بە سنوورداری، هەموو شوێنەکانی دیکە دادەخرێن. خەڵکیش تەنیا بۆ پێداویستیی سەرەکیی ژیان دەتوانن بچنە دەرەوە. 
 
هەروەها هاتووچۆکردن لەنێو شارەکانیشدا داخراوە. چالاکییە وەرزشی و هونەرییەکان بەگشتی قەدەخەکراون و خەڵکیش بۆ دابینکردنی پێداویستی بۆیان نییە لە 10 کیلۆمەتر زیاتر لە ماڵەکانیان بچنە دەرەوە.
 
لە مالیزیا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 572 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەکاتێکدا تاوەکو 31ـی کانوونی دووەمی 2020 ژمارەی تووشبووان گەیشتبووە 113 هەزار کەس، واتە لە ئەمساڵدا ژمارەکە چوار هێندە بووەتەوە، هەروەها تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو تەنیا 571 کەس لە مالیزیا بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستدابوو، کەچی ئەمساڵ ژمارەکە گەیشتووەتە نزیکەی دوو هەزار و 800 کەس، لەو ژمارەیەش نزیکەی 1300 کەسیان تەنیا لە مانگی ئایاردا گیان لەدەستداوە. واتە مانگی ئایاری ئەمساڵ ژمارەی گیانلەدەستدان لە مالیزیا بە کۆرۆنا نزیکەی سێ هێندەی هەموو ئەوانە بوون کە لە 2020 گیانیان لەدەستداوە.