بریت ماکگۆرک: کورد نایەوێت رەققە کۆنترۆڵ بکات

رووداو-واشنتن

بریت ماکگۆرک نێردەی تایبەتی ئۆباما بۆ شەڕی دژ بە داعش رایگەیاند: "شەڕی دژ بە داعش پێیناوەتە قۆناخێکی نوێ. لەم قۆناخە نوێیەدا چەند بەرەیەکی شەڕلە دژی داعش کراونەتەوە لەوانە بەرەی رەققە و بەرەی فەللوجە". 


ماکگۆرک روونکردنەوەی زیاتر لەسەر ئەم قۆناخە نوێیەدا و رایگەیاند "داعش لە عێراقدا45%  و لەسووریادا 20%-ی ئەو جوگرافیایەی کۆنترۆڵیکردبوو لەدەستیداوە. هەموو رۆژێک فەرماندەیەکی مەیدانی داعش دەکوژرێت، چونکە ریزەکانی داعشمان بڕیوە دەزانین بە وردی و دروستی لە کوێن"

لەبارەی توانا داراییەکانی داعش نێردەی تایبەتی ئۆباما ئاماژەی بەوەکرد: "جگە لە لێدان لە دامەزراوە نەوتییەکان، بەهۆی کۆششێکی هەواڵگری چڕ و پڕ ئێستا دەزانین داعش لە کوێ پارەکانی هەڵدەگرێت بۆیە دەیانکەینە ئامانج"  
   
سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی شاری رەققە کە داعش وەکو پایتەختی خەلافەتی دادەنێت، ماکگۆرک رایگەیاند: "یەکینەکانی پاراستنی گەل  نایەوێت بچێتە نێو شاری رەققەوە، بۆیە هێزێکی شەش هەزار چەکداریمان پێکهێناوە کە تەنیا 3500 چەکداریان کوردن". 

بریت ماکگۆرک ئاماژە بەوە دەکات ئۆپەراسیۆنی شاری موسڵ دەستیپێنەکردووە، پێویستە 15 هەزار چەکدار ئامادەبکرێت بۆکۆنترۆڵکردنی شارەکە . لە ئاستی سیاسیشدا هانی حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدەین کە گفتوگۆی جددی ئەنجامبدەن.