هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوە لەو خێزانە عێراقییە دەکرێت، کە کچەیان لە نۆکەندی ئینگلیزدا خنکا


رووداو دیجیتاڵ 

ئەو کچە تەمەن حەوت ساڵەی هەفتەی رابردوو لە نۆکەندی ئینگلیز خنکا، عێراقییە. خێزانەکەی لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەی لێدەکرێت. 
 
کچەکە ناوی سارایە. ئەحمەد هاشمیی تەمەن 41 ساڵ، باوکی سارا بە میدیای بەریتانی راگەیاندووە، زیاتر لە 10 ساڵە لە ئەورووپایە، هیچ وڵاتێک مافی پەنابەری پێنەداوە، ئێستاش حکومەتی بەریتانیا هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەی لێ دەکات.
 
ئەحمەد هاشمی باس لەو ساتە دەکات سێشەممەی رابردوو 23ـی نیسانی 2024، کچەکەی بە بەرچاوییەوە کەوتووەتە نێو دەریا و خنکاوە.
 
لە کاتی رووداوەکەدا هاوژینەکەی لەگەڵ کچێکی 13 ساڵان و کوڕێکی هەشت ساڵانیشی لەگەڵ بووە. ئەحمەد گوتی: "کاتێک هەوڵدا خۆم بگەیێنمە سارا، خلیسکام و کەوتمە نێو ئاو، ساراش لەبەرچاوم نەما و ونبوو". 
 
هاشمی رایگەیاند 14 ساڵ لەمەوپێش بەسرەی بەجێهێشتووە، دوای ئەوەی لەلایەن گرووپە میلیشیاکانەوە هەڕەشەی لێکراوە. یەکەمجار چووەتە بەلجیکا، پاشان سوێد، بەڵام مافی پەنابەرییا: "ئەگەر 1٪ ئومێدم هەبووایە لە بەلجیکا، فەرەنسا، سوێد و فینلاند مافی پەنابەری وەردەگرم، منداڵەکانم نەدەبردە نێو دەریاوە. تەنیا دەمەوێت منداڵەکانم رەوانە قوتابخانە بکەم و پێویستم بە هیچ هاوکارییەک نەبوو، خۆم و خێزانم کارمان دەکرد و تەنیا دەمویست منداڵەکانم بە شەرفمەندی بژین." 
 
هاشمی ئاشکرای کرد، دوو مانگ لەمەوپێش چوونەتە کالێ و چوار جار هەوڵی پەڕینەوەیان بۆ بەریتانیا داوە، بەڵام هەمووجار لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراون. دواتر قاچاخچییەک بەڵێنی پێدا ئەو یەکێک دەبێت لەو 40 کەسەی بە بەلەمێک رەوانەی بەریتانیایان دەکەن کە زۆربەیان عێراقی بوون. 
 
ئەو پەناخوازە عێراقییە 7500 یۆرۆی داوەتە قاچاخچییەکە بۆ ئەوەی بیانگەیێنێتە بەریتانیا، بەڵام کاتێک چوونەتە نێو بەلەمەکەوە بۆی دەرکەوتووە زیاتر لە 100 کۆچبەری تێدایە. 
 
هاشمی دەڵێت لە بەلجیکا داوای مافی پەنابەری کردووە، بەڵام بەپاساوی ئەوەی بەسرە شارێکی سەلامەتە، مافی پەنابەری پێنەدراوە، دواتر چووەتە سوێد، سارا لەوێ لە دایکبووە، بەڵام لەوێش مافی پەنابەری پێنەدراوە.