وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا تاوتوێی "ئەتۆمی ئێران" دەکات

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا کۆدەبێتەوە و "ئەتۆمی ئێران" مژاری سەرەکیی گفتوگۆکانیان دەبێت.
 
ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بڕیارە رۆژی سێشەممە، 2-5-2023 بە سەردانێك بگاتە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کە بارەگای سیاسی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپای لێیە و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی یەکێتییەکە کۆببێتەوە.
 
بەگوتەی نووسینگەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئامانج لە سەردانەکە "کۆکردنەوەی پاڵپشتی"ـی یەکێتی ئەوروپایە بۆ وەستاندنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. گوتیشی، لەنێوان ئیسرائیل و یەکێتی ئەوروپا، گەلێك خاڵی هاوبەش هەن، لەسەرووی هەموویانەوە "وەستاندنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و هەڕەشە تیرۆریستییەکانی".
 
لە ساڵی 2015ـەوە کاتێک ئێران و وڵاتانی ئەو کاتەی 5پێنج کۆ یەک لەنێویاندا ئەمریکا رێککەوتنی ئەتۆمییان واژۆکرد، ئیسرائیل بەردەوام لە دژی وەستاوە و هۆشداری دەداتە جیهانی لە "هەڕەشەکانی" ئێران و، دەڵێت "تاران لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی زۆر نزیکترە لەوەی پێشبینی دەکەن". دەشڵێت" هیچ کاتێك ئێران نەیویستووە رێککەوتنی ئەتۆمی بکات، بەڵکو تەنیا رێگەیەکە بەکاریدەهێنێت بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی".
 
لەبەرامبەردا ئێران، رەتیدەکاتەوە نیازی بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی هەبێت و دەڵێت "ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەرهەمهێنانی وزەی پاکە".