ژنێکی هیندی بە تووک تووک کاری تەکسی دەکات: بۆ پەیداکردنی بژێویی خوشکەکەم کار دەکەم

 
رووداو دیجیتاڵ

مۆنیکا دێڤی-ی تەمەن 35 ساڵ، لە نیودەلهیی پایتەختی هیندستان بە تووک تووکەکەی بژێویی ژیانی بۆ خۆی و سێ منداڵەکەی پەیدا دەکات. ئەو یەکێکە لەو ژنە دەگمەنانەی کە لە هیندستان دەستیان بە کاری شۆفێریی تاکسی کردووە.
 
بە متمانەیەکی زۆرەوە بە تووک تووکە مۆرەکەی لە شەقامەکانی دەلهیدا بەدوای سەرنشیندا دەگەڕێت. مۆنیکا دێڤی، شۆفێری تووک تووک دەڵێت، "سەرنشینی ژنیشمان لەگەڵ سەردەکەون و بۆ خۆیان قسە لەگەڵ یەکدی دەکەن. گوێ بۆ ئێمەش دەگرن و ئەگەر کێشەیەکیان هەبوو یارمەتییان دەدەین."
 
لە نیودەلهی تاوەکو ئەم دواییانە هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی لەلایەن پیاوانەوە کۆنترۆڵ کرابوون. هەرچەندە مۆنیکا دایکی سێ منداڵە، بەڵام دەڵێت، بۆ پەیداکردنی بژێویی خوشکەکەی ئەو کارە دەکات؛ دەشڵێت، تاوەکو ئێستا رووبەڕووی جیاکاری نەبووەتەوە.
 
ئەو ژنە هیندییە ئاماژە بەوە دەکات، "کەس پرسیاری لێنەکردووم کە بۆچی ئەم کارەم هەڵبژاردووە. بەشێکی خەڵکی زۆر تێگەیشتوون و دەزانن بەم کارە من لەسەر پێی خۆم دەوەستم و بەشێکی خەڵکیش لە پاشەملە باسم دەکەن، بەڵام من گوێی پێنادەم."
 
تووک تووکەکەی مۆنیکا یەکێکە لەو سێ هەزار و 500 تووک تووکە کارەباییەی کە لەلایەن بەرپرسانی ئیدارەی نیودەلهییەوە، بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە دروستکراون؛ لەو ژمارەیەش 500ـیان تایبەتکراون بە ئافرەتان.