گوتەبێژە نوێکەی ترەمپ: هەرگیز درۆ ناکەم

رووداو - هەولێر 

رۆژی هەینی کەیلی مەکئینانی یەکەم پرێس کۆنفرانسی وەکو گوتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا ئەنجامدا، تێێدا جەختی لەوەکردەوە لە پۆستە نوێیەکەیدا وەکو گوتەبێژێکی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، هەرگیز درۆ ناکات لەگەڵ رۆژنامەڤانان.


پێش ئەوەی مانگی رابردوو وەکو گوتەبێژی کۆشکی سپی دەستنیشان بکرێت، کەیلی مەکئینانی سکرتێری رۆژنامەڤانیی کەمپەینی دۆناڵد ترەمپ بوو. لە چەند هەفتەی رابردوودا رووبەڕووی رەخنە بووەوە بەهۆی ئەو قسانەی لە کۆتایی مانگی شوبات لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کردنی.

کەیلی لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی فۆکس نیوزدا لە کۆتایی مانگی شوبات رایگەیاند "ئێمە نەخۆشی وەکو ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبینین دێنە ئێرە، بەڵام تیرۆریزم نابینین، ئەوەش جێی خۆشحاڵییە کاتێک بەروارد دەکرێت بە سەردەمە خراپەکەی سەرۆکایەتی باراک ئۆباما".

رۆژی هەینی، یەکەم جار بوو کە کەیلی مەکئینانی وەکو گوتەبێژی کۆشکی سپی پرێس کۆنفڕانسی پێشکەشکرد، کە نزیکەی ماوەی ساڵێکە نەکراوە. کەیلی گوتی: "هەرگیز درۆتان لەگەڵ ناکەم، بەڵێنتام پێدەدەم لەمبارەیەوە".

دوایین پرێس کۆنفڕانسی فەرمی کۆشی سپی لە 11ـی ئاداری ساڵی 2019 ئەنجامدرا. تاوەکو ئێستا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، چوار سکرتێری رۆژنامەڤانی هەبووە، هەموویان گرژی لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ میدیادا هەبوو.

گوتەبێژەکانی پێشووی کۆشکی سپی هەندێک جار لەلایەن رۆژنامەڤانانەوە بە پێدانی زانیاریی نادروست تۆمەتبار دەکران، بۆیە بەڵێنەکەی کەیلی مەکئینانی کە "هەرگیز درۆ ناکات"، لەلایەن رۆژنامەڤانانەوە بە هەند وەرگیرا.

یەکەم پرێس کۆنفڕانسی کەیلی مەکئینانی لە کاتێکدایە کە ئەمریکا رووبەڕووی قەیرانی کۆرۆنا بووەتەوە و زۆرترین تووشبوونی تۆمارکردووە لە جیهاندا، بۆیە گوتەبێژە نوێیەکە لە قسەکانیدا بەرگری لە سیاسەتەکانی کۆشکی سپی کرد لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا.