رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی لە سنووردارکردنی گەیشتنی کۆچبەران بۆ ئەڵمانیا سەرکەوتوو بووە. ئاماژە بەوەش دەکات، کەمبوونەوەی داواکاریی مافی پەنابەری و زیادبوونی دیپۆرتکردنەوە ئاماژەی ئەو سەرکەوتن و پێشڤەچوونەن.
رۆژی سێشەممە 1ی نیسانی 2025 نانسی فایزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لەبارەی هەوڵەکانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ رێگری لە کۆچبەران رایگەیاند، "ژمارەکان بۆ خۆیان قسە دەکەن." ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوو مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 43% داوای مافی مانەوەی کەمتریان بەراورد بە هەمان ماوەی پار بەدەستگەیشتووە و دیپۆرتکردنەوەش زیادی کردووە.
نانسی فایزەر ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوو مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 229 هەزار و 751 کەس داوای مافی پەنابەرییان کردووە، کە 43% لە پار و 51% لە پێرار کەمترە. گوتیشی، لە ساڵی 2021ەوە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەر و پەناخوازان زیادی کردووە کە پار گەیشتە سەروو 20 هەزار کەس.
پرسی کۆچبەران بە یەکێک لە گرنگترین پرسە نێوخۆییەکانی ئەڵمانیا دادەندرێت. پرسەکە کاریگەری لەسەر زیادبوونی دەنگەکانی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا هەبووە. هەروەها پرسی کۆچبەران یەکێکە لە گرنگترین پرسەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی کریستیان دیموکرات کە لە هەڵبژاردنی شوباتی رابردوودا لە 630 کورسی پەرلەمان 208 کورسی بردەوە.
فرێدریک مێرتز، سەرۆکی کریستیان دیموکرات و بەربژێری پارتەکە بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی دا سیاسەتی ئەو حکومەتەی پێکی دەهێنێت لە بابەتی کۆچدا تووند بێت.
ئەیلوولی 2023 ئەڵمانیا دەستی بە تووندکردنی سنورەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە کرد. ئەو رێکارەی سەرەتا لەگەڵ پۆڵەندا، چیک و سویسرا دەستپێکرد و دوای ساڵێک سنوورەکانی لەگەڵ فەرەنسا، لۆکسەمبۆرگ، بەلجیکا، هۆڵەندا و دانیمارک تووند کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ