ئەمریکا: نابێت رووسیا ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش بێت

01-04-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نێردەی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "نابێت" رووسیا ئەندامی هەمیشەیی بێت لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. 
 
لیندا تۆماس گرینفیڵد، نێردەی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس گوتی: "رووسیا ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشە، نابێت وابێت، ئەوەش لەبەر ئەو کارانەی لە ئۆکراینا دەیکات، بەڵام جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان رێگە بە گۆڕان لە ئەندامێتییە هەمیشەییەکەی نادات." 
 
ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ شەممە، 1ـی نیسانی 2023 رووسیا سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ ماوەی مانگێک دەگرێتە دەست. 
 
لەو بارەیەوە، نێردەی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، چاوەڕواندەکات رووسیا بەشێوەیەکی "پیشەییانە" سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە بکات، بەڵام گومانیشی نەڕەواندەوە. لیندا گوتی: "ئێمە پێشبینی دەکەین بەدوای دەرفەتیشدا بگەڕێن بۆ برەودان بە کەمپینی چەواشەکارییەکەیان لە دژی ئۆکراینا، ئەمریکا و هەموو هاوپەیمانەکانمان." 
 
نێردەی ئەمریکا دەشڵێت: "لە هەموو دەرفەتێکدا، ئێمە نیگەرانیی خۆمان لەبارەی کردارەکانی رووسیاوە دەخەینەڕوو." 
 
رووسیا بەردەوام رەخنەی ئەوە لە وڵاتانی رۆژئاوا دەگرێت، کە لە ئەنجوومەنی ئاسایش "بە یەکدەنگی" رووبەڕووی وڵاتەکەی دەبنەوە لەبارەی جەنگی ئۆکرایناوە. ئۆکرایناش پێشتر چەند جارێک داوای کردووە رووسیا بەهۆی هێرشکردنە سەر وڵاتەکە لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەربکرێت.
 
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایش مانگانە لەنێوان 15 ئەندامەکەی ئەنجوومەنەکە دەگۆڕدرێت. 
 
دوایین جار رووسیا لە مانگی شوباتی 2022دا سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی کرد، کە هاوکات بوو لەگەڵ هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکراینا.
 
رووسیا، کە ئێستا سەرکردایەتیی ئەنجوومەکە دەکات، دەتوانێت ئەجێندای کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش دابڕێژێت، بەڵام ناتوانێت بەهۆی ئەو پێگەیەوە گوشار لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بکات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە