سەرۆکوەزیرانی فینلاند بۆ رووداو: پەروەردە کاری لەپێشینەمانە و ئاگامان لە خەڵکی ئاسایی دەبێت

رووداو - فینلاند

لە دوایین ساتەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی سۆسیال دیموکراتی فینلاند، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، ئاگایان لە خەڵکی ئاسایی دەبێت و "پەروەردە کاری لەپێشینەمانە."
 
بەربژێر و دەنگدەرانی پارتی سۆسیال دیموکراتی فینلاند لە چاوەڕوانیی سانا مارین، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە و سەرۆکی پارتەکە، خەریکی گفتوگۆ بوون. دەنگدەرێک، کە مامۆستای خانەنشینکراوە، ئاواتەخوازە چوار ساڵی داهاتوو هەر سانا مارین سەرۆکایەتیی حکومەتی وڵاتەکەی بکات.
 
ییرکی یوهان ڤێلستێد، مامۆستای خانەنشینکراو دەڵێت، "سانا مارین کاری زۆر باشی لە حکومەتەکەیدا کردووە، بەو هیوایەم بتوانێت بەردەوام بێت لەو کارە باشانەی."
 
سەرۆکوەزیرانی فینلاند لە وەڵامی پرسیاری رووداو لەبارەی پێبینییەکانی بۆ ئەنجامی هەڵبژاردن قسەی کرد و گوتی، "بەدڵنیاییەوە مەبەستمانە هەڵبژاردنەکان ببەینەوە، دەمانەوێت بەردەوام بین لە کارکردن بۆ داهاتوویەکی بەردەوام، داهاتوویەکی یەکسانتر و داهاتوویەک کە هەموو تاکێک بتوانێت خۆی لەگەڵ ژیانی خۆی بگونجێنێت."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ رووداو، سەرۆکوەزیرانی فینلاند گوتیشی، "لەم هەڵبژاردنەدا چەندین پرس باسیان لێوە دەکرێت، کاری هەرە لەپێشینەمان پەروەردەیە و دەمانەوێت کەرتی پەروەردەمان زیاتر بەرەو پێشەوە ببەین، هەروەها دەمانەوێت دڵنیا ببینەوە کە هەموو تاکێک ئەو خزمەتگوزارییانەی هەیە کە لە ژیانی رۆژانەی پێویستییەتی، بەتایبەتی ئێستا کە هەڵاوسان لە ئابووریی فینلاند زۆر بەرزە. دەمانەوێت دڵنیا ببینەوە لەوەی خەڵکی ئاسایی لە فینلاند توانایان هەیە پێداویستییەکانیان بەدەست بخەن."
 
پارتی پێروس-ی فینلاندی بە پارتێکی راستڕەوترین و تاوەکو ئەندازەی رەگەزپەرست پۆلێن دەکرێت و ئەگەری بەهێزی هەیە ببێتە هێزی هەرە گەورە لە پەرلەمانی داهاتوودا. بەربژێرێکی پارتەکە رەوشی ئابووری بە دژوار ناودەبات و خوازیارە لە چوار ساڵی داهاتوودا کار لەسەر باشترکردنی بکەن.
 
سامولی ڤۆتیلا، بەربژێری پارتی Perus دەڵێت، "کاری لەپێشینەمان بۆ چوار ساڵی داهاتوو، چارەسەرکردنی دۆخی ئابووریی فینلاندە، بەدڵنیاییەوە لە بەرنامەماندا دەبێت یارمەتیی خاوەن کارە نوێیەکان بدەین و هەوڵبدەین خەڵکانێکی زیاتر دابمەزرێن."
 
پارت و بەربژێرەکان بۆچوون و خوێندنەوە و شرۆڤەی خۆیان لە کەمپەینێکی درێژ و دژواردا لەگەڵ دەنگدەرانیان گەنگەشە کرد و سندووقەکانی دەنگدان ئامادەن بۆئەوەی بڕیار لەبارەی چارەنووسی چوار ساڵی داهاتووی فینلاند بدەن.