پۆلیسی یۆنان تۆڕێکی قاچاخچیی کۆچبەران دەستگیر دەکات

02-04-2023
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پۆلیسی یۆنان تۆڕێكی قاچاخچیی کۆچبەران دەستگیر دەکات کە هەزاران کۆچبەریان گواستووەتەوە نێو وڵاتەکە، هەروەها تۆڕێکی ساختەکردنی بەڵگەنامەیان دەستگیر کردووە کە هاوکاریی قاچاخچییەکانیان کردووە.
 
شەوی هەینی 31-03-2023 پۆلیسی یۆنان رایگەیاند، "زیاتر لە 40 قاچاخچیی کۆچبەران لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیر کراون، کە بەرپرسن لە بەقاچاخبردنی زیاتر لە دوو هەزار و 300 کۆچبەر بۆ نێو یۆنان."
 
بە گوتەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچبەران، لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 18 هەزار کۆچبەر بە قاچاخ چوونەتە یۆنان، لە کاتێكدا ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2021دا کەمتر لە نۆ هەزار بووە.
 
پۆلیسی یۆنان رایگەیاند، هێزەکانیان توانییان 55 کەسی دیکە دەستگیر بکەن، کە پەیوەندییان بەو 40  قاچاخچییەوە هەیە، ئەو باندە بەرپرسی دابینکردنی ناسنامە و بەڵگەنامەی ساختە بوون بۆ کۆچبەرەکان. گوتیشی، لە ماوەی رابردوودا باندەکە توانیویانە زیاتر لە دوو هەزار و 500 ناسنامە و بەڵگەی ساختە دروست بکەن.
 
بە گوتەی پۆلیسی یۆنان، تۆڕی قاچاخچییەکان لەسەر ئاستێكی گەورە کاریان کردووە، بە جۆرێك کە ژێرخانێكی تەواو پیشەییان بۆ بەقاچاخبردنی کۆچبەران دروستکردووە.
 
پۆلیسی یۆنان راشیگەیاند، تۆڕەکە چەندین نووسینگە و شوێنێكی تایبەتیان لە ئەسینای پایتەخت و شاری تیسالۆنیکی لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵات لەنزیک دەریای ئیجەی بەرامبەر تورکیادا هەبووە. کاری ساختەکاری و دروستکردنی بەڵگە و ناسنامە ساختەکانیان لە 5 تاقیگەی تایبەت لەو دوو شارەدا کردووە.
 
هەر بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی یۆنان، تۆڕەکە 12 یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ شاردنەوەی کۆچبەران هەبووە. لە کاتی هەڵکوتانە سەر ئەو یەکانە، هێزەکانی پۆلیس 80 کۆچبەریان بە بەڵگەی ساختەوە دەستگیر کردووە، کە ئامادە کرابوون بۆ گواستنەوەیان بۆ وڵاتێکی دیکە.
 
پۆلیسی یۆنان دەڵێت، تۆڕەکە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ساڵی 2022ەوە دەستی بە کارەکانی کردووە و لەو کاتەوە تاوەکو ساتی دەستگیرکردنیان زیاتر لە نۆ ملیۆن یۆرۆیان دەستکەوتووە؛ دادگەی تاوانەکانی یۆنان هەریەک لە ئەندامانی تۆڕەکەی بە 10 هەزار یۆرۆ سزاداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی دوای لافاوەکەی ئەفغانستان. وێنە: AFP

لە ئەفغانستان بەهۆی زریان و لافاو 35 کەس گیانیان لەدەستدا

بەرپرسانی ئەفغانستان دەڵێن، بەهۆی بارانی بەخوڕەوە لافاو دروستبووە و لانیکەم 35 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیکە 230 کەسی دیکەش بریندار بوون.