ChatGPT کۆتایی بە کاری فەرمانبەر و کارمەندان دەهێنێت؟

 
رووداو دیجیتاڵ
 
ماوەیەکە باس و خواسێکی گەرم لە جیهانی تەکنەلۆژیا لەنێو کۆمەڵگە جیاوازەکان بڵاوبووەتەوە، بەتایبەتی لەنێو کارمەند و فەرمانبەرانی کۆمپانیا حکومی و ناحکومییەکان، گوایە شۆڕشی ChatGPT بە تەواوی دەرفەتی کار لەنێودەبات و ئیدی لەمەودوا رۆبۆتێکی زیرەک هەموو کارێک دەکات.
 
بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونی 'یۆرۆنیوز نێکست' کە ماڵپەڕێکی تەکنەلۆژیایی ئەوروپییە و تەنیا لە بواری تەکنەلۆژیا کار دەکات، ChatGPT پیشەیەک بەرهەم دەهێنێت کە نەک تەنیا هەموو کەسێک دەتوانێت لەو بوارەدا کار بکات، بەڵکو مووچەکەشی لە مانگێکدا تاوەکو 25 هەزار دۆلار دەچێت.
 
ChatGPT بە شۆڕشێکی نوێی تەکنەلۆژیایی دەناسرێت کە بریتییە لە رۆبۆتێکی AI یاخود زیرەکیی دەستکرد، کە لە رێگەی ئەو فەرمانانەی پێی دەدەیت، داواکارییەکانت بە وردی و لە خێراترین کاتدا بۆ جێبەجێ دەکات.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕە تەکنەلۆژییەکە، زیرەکیی دەستکردی ChatGPT لە بەرامبەر لەنێوبردنی چەندین کار، پیشەیەک دەڕەخسێنێت کە خەڵك لە هەموو ئاستێکدا دەتوانن شارەزایی لێ پەیدا بکەن و مووچەیەکی باشیش تاوەکو 300 هەزار دۆلار لە ساڵێکدا بەدەستبهێنن.
 
پیشە نوێیەکە پێی دەڵێن Prompt Engineering یاخود 'ئەندازیاری زیرەکیی دەستکرد.' ئەم پیشەیە ئێستا لە وڵاتە پێشکەوتووەکان، ئەوانەی رۆبۆتی زیرەک دروست دەکەن، بەردەستە و کۆمپانیاکان بە هەموو توانایانەوە بەدوای ئەو کەسانە دەگەڕێن کە شارەزاییان لە کارەکە هەیە.
 
وەکو لە راپۆرتی ماڵپەڕەکەدا باس کراوە، کارەکە پێویستی بە شارەزاییەكی وا نییە، ئەندازیاری زیرەک تەنیا پێویستە زمانێکی سادە بزانێت و لە رێزمانیش شارەزابێت، ئەو زمان و رێزمانەی بۆ ئەوە پێویستە رۆبۆتە زیرەکەکان لەسەر ئەو زمانە رابێنێت تاوەکو بە ورد و درشتی و بە خێراترین شێوە داواکاریی بەکارهێنەرانی رۆبۆتەکە جێبەجێ بکات.
 
کۆمپانیای 'ئانترۆپیک' کە لە سانفرانسیسکۆی کالیفۆڕنیا لە بواری زیرەکیی دەستکرد کار دەکات، دەستیکردووە بە وەرگرتنی کارمەندان کە شارەزاییان لە بواری ئەندازیاری زیرەکیی دەستکرد هەیە، هەر کارمەندێک ئەو تایبەتمەندییانەی تێدابێت، دەکرێت لەگەڵ کۆمپانیاکە کار بکات و ساڵانە 175 هەزار تاوەکو 335 هەزار دۆلار وەردەگرێت.
 
مایل دیلکۆر، شارەزای بواری زیرەکی دەستکرد دەڵێت، "ئەندازیاری زیرەکیی دەستکرد وەکو ئەوەیە رۆبۆتێک رابێنی قسەت لەگەڵ بکات، هەروەک چۆن تۆ زمان بۆ لێکتێگەیشتن بەکاردەهێنیت."
 
ئەو شارەزای تەکنەلۆژیایە بەرچاوڕوونیی زیاترمان لەسەر پیشە نوێیەکە دەداتێ، بۆ نموونە دەڵێت، "پێویستە رۆبۆتەکە لەسەر زمانێکی راست و دروست پرۆگرام بکەین بۆئەوەی لێمان تێبگات کە چیمان لێی دەوێت، بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەش، پێویستە بە وریایی وشەکان هەڵبژێرین."
 
پێویستە ئەندازیاری زیرەکیی دەستکرد چی بزانێت؟
 
بە گوتەی دیلکۆر، پیشەی 'ئەندازیاری زیرەکیی دەستکرد' شێوازێکی هونەری مامەڵە کردنە لەگەڵ ئەلگۆریتمی زیرەکیی دەستکرد، ئەویش بە بەکارهێنانی چەند بەهرەیەکی تەکنیکیی جیاواز، بەڵام هیچ پێویستی بە زمانی کۆد نییە، ئەندازیاران لەم بوارەدا تەنیا پێویستیان بەوەیە زمانێکی سادە و رێزمانێکی باش بزانن و ئاستی شیکاریی داتا و زانیارییان باش بێت و بیر و هزریان تیژ بێت.
 
مایری برووس، ئەندازیار و توێژەری زیرەکیی دەستکرد لە کۆمپانیای AutogenAI دەڵێت، ئەندازیارێکی سەرکەوتووی بواری 'زیرەکیی دەستکرد' دەتوانێت لە یەک چوارچێوەدا بیر لە داواکاریی بەکارهێنەران بکاتەوە، پێویستە کارەکەی راست و رەوان بێت و رۆبۆتەکە بە شێوەیەک رابێنێت، بە دروستی وەڵامی پرسیارە دیاریکراوەکان بداتەوە.
 
مایری دەڵێت، "تاوەکو بکرێت دەبێت زمانی رۆبۆتەکەت سادە بێت، نابێت ئەو فەرمانەی پێی دەدەیت پێناسەیەک زیاتر هەڵبگرێت." ئەمەش بۆئەوەی داواکەت وەکو خۆی جێبەجێ بکات.
 
ئەو دەڵێت، پیشەی 'ئەندازیاری زیرەکیی دەستکرد' زیاتر لە هونەرێک دەچێت نەک شتی دیکە، ئەمە لە کاتێکدا ئەو کارانەی بە ئەندازیارەکە دەکرێت یاخود دەبێت بیکات، سەر لە بەکارهێنەر نەشێوێنێت و بە یەک ئاراستەی ببات.
 
هەرچەند خواست لەسەر کارەکە زۆرە، بەڵام ئەو کەسەی ئەم کارە دەکات، دەبێت شارەزایی لە بوارەکە بەدەستبهێنێت و بەهرەکانی خۆی بەرەوپێش ببات.
 
چۆن ببینە ئەندازیاری زیرەکیی دەستکرد؟
 
ئەگەرچی پیشەکە زۆر نوێیە، بەڵام باس و خواسێکی زۆری لەسەرە، چەندین کۆمپانیا بەدوای ئەم جۆرە ئەندازیارانەدا دەگەڕێن کە دەتوانن رۆبۆت بە زمانێکی سادە پەروەردە بکەن.
 
بە گوتەی برووس، توانای زمان، تێگەیشتن لە تەکنەلۆژیا و حەز و ئارەزووی کارکردن لە بواری 'زیرەکیی دەستکرد' کلیلی سەرەکین بۆ پەیداکردنی شارەزایی بوارەکە، ئەم پیشەیە پەیوەندیی بە بڕوانامە و پلە و پایە نییە.
 
برووس خۆی کۆلێژی سیاسیی تەواو کردووە و هیچ باکگراوندێکی تەکنیکیی نییە، بەڵام چونکە خولیای کارەکەی هەبووە، شارەزایی لە کارەکە پەیدا کردووە و ئەو کەسەی دەبێتە شارەزای زیرەکیی دەستکرد، مەرج نییە زمانی Coding بزانێت.
 
چ کارێک مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە؟
 
ئەم بابەتە لە کاتێکدایە، بەگوێرەی OpenAI کە کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژییە و لەپشت داهێنانی ChatGPTیە، 80%ی کرێکار و کارمەند و فەرمانبەران لەگەڵ بەرەوپێشچوونی زیرەکیی دەستکرد لە ئەمریکا، مەترسیی لەدەستدانی کارەکانیان هەیە، هاوکات 19%ی کرێکاران 50%ی کارەکانیان دەکەوێتە ژێر کاریگەری، یاخود مەترسیی لەنێوچوون بەهۆی ئەم تەکنەلۆژیایەوە.
 
ئەو کارانەشی 100% مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە بریتین لە:
 
بیرکار
فەرمانبەری کۆکردنەوەی باج
شیکاری دارایی
نووسەر
دیزاینەری وێب و رووکاری ماڵپەڕەکان
ژمێریار
شیکاریی هەواڵ، پەیامنێر و رۆژنامەنووس
پارێزەر
بەڕێوەبەری داتای کلینیکی
شیکاری سیاسەتی گۆڕانی کەشوهەوا
 
ئەو کارانەی کەمتر مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە
 
توێژەری راپرسی 84%
نووسەر و کتێبنووس 82.5%
وەرگێڕ 82.4%
شارەزای پەیوەندییە گشتییەکان 80.6%
زانای بواری گیانداران 77.8%