گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئەمریکا چوار هەزار کەسی تێپەڕاند

01-04-2020

20:17

نەتەوەیەکگرتووەکان: کۆرۆنا زیاتر لە 8 ملیۆن کەس لە وڵاتانی عەرەبی دووچاری هەژاری دەکات

رووداو - هەولێر

کۆمیسیۆنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رۆژئاوای ئاسیا رایدەگەیێنێت، پەتای کۆرۆنا دەبێتە هۆی هەژاربوونی 8 ملیۆن و 300 هەزار کەس لە وڵاتە عەرەبییەکان.
 
هەروەها کۆمیسیۆنەکە هۆشداریش دەدات کە دەکرێت نزیکەی دوو ملیۆن کەس بێ خۆراک بمێننەوە. بەپێی ئەو دەزگایەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو ژن و گەنجانەی لە کەرتی نافەرمی کاردەکەن و باری کۆمەڵایەتییان باش نییە لە پێشترن رووبەڕووی هەژاری ببنەوە. 
 
رۆلا دەشتی، سکرتێری جێبەجێکاری کۆمیسیۆنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رۆژئاوای ئاسیا دەڵێت، "ئەگەر بارودۆخەکە بەمجۆرە بەردەوامبێت، کۆی گشتی 101 ملیۆن و 400 هەزار کەس لە ناوچەکەدا وەکو هەژار و 52 ملیۆن کەس وەک کەمخۆراک پۆڵێندەکرێن." 
 
هەروەها رۆڵا دەشتی هۆشداریش دەدات کە "حکومەتە عەرەبییەکان دەبێت کاردانەوەیەکی خێرایان هەبێت بۆ پاراستنی خەڵکەکەیان لە هەژاربوون و نەمانی خۆراک بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە."
 
مانگی رابردوو، کۆمیسیۆنەکە هۆشدارییدابوو کە پەتای کۆرۆنا لەمساڵدا دەبێتە هۆی نەمانی ملیۆنێک و 700 هەزار کار لە وڵاتانی عەرەبیدا.
زیاتر بخوێنەوە

15:53

گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئەمریکا چوار هەزار کەسی تێپەڕاند

 
ئەمریکا یەکەم وڵاتە لە رووی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا کە زیاتر لە 188 هەزارن و لەو ژمارەیە چوار هەزار و 59 کەس گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەپێی دوایین ئامارەکانی وۆڵد میتەر لە شەش کاژێری رابردوو 117 کەسی دیکە لە ئەمریکا تووشی ڤایرۆسەکە بوون و شەش کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە.
 
چوار هەزار و 576 تووشبوو دۆخیان ناجێگیرە لەکاتێکدا حەوت هەزار و 251 کەس چاکبوونەتەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

13:50

پەرستارێکی کورد لە بۆکان بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا

پەرستارێکی کورد لە بۆکان بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا
 
پەرستارێکی دانیشتووی شاری بۆکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ورمێ گیانی لەدەستدا.
 
رەشید شێخ ئاقایی، کە پەرستارێکی تەمەن 55 ساڵەی نەخۆشخانەی بۆکان بوو، چەند رۆژێک لەمەوبەر تووشی کۆرۆنا بوو، بۆ چارەسەرکردن رەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کرابوو و لەو نەخۆشخانەیە گیانی لەدەست دا. ئەوە یەکەم کەیسی گیانلەدەستدانی ستافی تەندروستیی نەخۆشخانەی بۆکانە.
 
لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تاوەکو ئێستا 83 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و 10 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
 
بەپێی ئامارەکان تاوەکو ئێستا 47 هەزار و 593 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، سێ هەزار و 36 کەس بە ڤایرۆسەکە گیانیان لە دەستداوە و 15 هەزار و 473 نەخۆشیش چاکبوونەتەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

13:29

لە 24 کاژێردا 864 کەس لە ئیسپانیا بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

لە 24 کاژێردا 864 کەس لە ئیسپانیا بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە
 
ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیسپانیا بۆ نۆ هەزار و 53 کەس بەرزبووەوە دوای ئەوەی لە 24 کاژێردا 864 کەس گیانیان لەدەستدا. 
 
ئیسپانیا دووەم وڵاتە لە رووی زۆری ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا و لەدوای ئیتاڵیاوە دێت. هاوکات ژمارەی تووشبووان تێیدا بۆ 102 هەزار و 136 کەس بەرزبوونەوە. 
 
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ئیسپانیا، ژمارەی تووشبووان روو لە کەمییە. مەدرید خراپترین بەرکەوتنی کۆرۆنای هەیە و تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 865 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 30 هەزار تووشبوویشی لێ تۆمارکراوە.
زیاتر بخوێنەوە

13:14

فۆچی: رێکارەکانی دژ بە کۆرۆنا ئەنجامیان دەبێت

فۆچی: رێکارەکانی دژ بە کۆرۆنا ئەنجامیان دەبێت
 
 
سەرۆکی پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان رایگەیاند، ئەو رێکارانەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراونەتەبەر، خەریکە ئەنجامیان دەبێت.
 
ئەنتۆنی فۆچی رایگەیاند، رێکارەکانی هێورکردنەوەی رەوشەکە چالاکن و خەریکە ئەنجامەکانیشی دێنەدی و کۆنترۆڵکردنی رەوشەکە قۆناخ بە قۆناخ دەبێت و سەرەتا بە کەمبوونەوەی ژمارەی قوربانییان دەست پێدەکات و پاشان ژمارەی ئەوانەی کە لەژێر چاودێریی چڕدان دادەبەزێت و لە کۆتاییدا ژمارەی تووشبووان دادەبەزێت و پەتاکەش کۆنترۆڵ دەکرێت.
 
بەپێی ئامارەکان زۆرترین تووشبووی ڤارۆسی کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهاندا لە ویلایەتە یەکگرتوووەکانی ئەمریکا تۆمارکراوە کە گەیشتووەتە 188 هەزار و 578 تووشبوو، سێ هەزار و 890 کەس بە ڤایرۆسەکە مردوون و حەوت هەزار و 251 نەخۆشیش چاکبوونەتەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

12:22

نەتەوە یەکگرتووەکان: لەدوای جەنگی جیهانی دووەم کۆرۆنا خراپترین قەیرانە

نەتەوە یەکگرتووەکان: لەدوای جەنگی جیهانی دووەم کۆرۆنا خراپترین قەیرانە
 
ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، پەتای کۆرۆنا خراپترین قەیرانە کە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە رووبەڕووی جیهان بووبێتەوە و دەڵێت، "لە دەرهاویشتەکانی پەتای کۆرۆنا لەوەی کە ببێتە هۆکاری سەرهەڵدان و بەرپابوونی ململانێ و شەڕ لە جیهان، نیگەرانم".
 
ئەنتۆنیۆ گوتەرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، قەیرانی گەورەی پەتای کۆرۆنا لەوەدایە کە دوو فاکتەری لەخۆگرتووە، یەکەمیان کۆرۆنا نەخۆشییەکە هەڕەشە لە هەمووان دەکات، دووەمیشیان بریتییە لە کاریگەرییە ئابوورییەکانی کە دەبنە هۆی سستییەکی گەورەی ئابووری و لەوانەیە لە رابردووی نزیکماندا نەمانبینیبێت.
 
ئەو دوو فاکتەرە لەگەڵ مەترسی سەرهەڵدانی ناکۆکی قووڵ و کردەوە تووندوتیژییەکان، ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانی گەیاندووەتە ئەو باوەڕە کە بڵێت "پەتای کۆرۆنا قورسترین قەیرانە کە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، بەرۆکی ئێمە گرتبێت".
 
ڤایرۆسی کۆرۆنا کە یەکەم جار لە 20ـی کانوونی دووەمی 2020 لە شاری ووهانی چین پەیدابوو، تاوەکو ئێستا 862 هەزار 495 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و 42 هەزار و 510 کەس بە ڤایرۆسەکە مردوون و 178 هەزار و 104 نەخۆشیش چاکبوونەتەوە.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

11:50

تونس ژمارەیەک کرێکاری کەرەنتینکراو رۆژانە 50 هەزار ماسک دروستدەکەن

تونس ژمارەیەک کرێکاری کەرەنتینکراو رۆژانە 50 هەزار ماسک دروستدەکەن
لەدوای بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تونس، کرێکارانی کارگەیەکی جلوبەرگ کەرەنتین دەکرێن و دەستدەکەن بە دروستکردنی ماسک، ئێستا لەو کارگەیە رۆژانە 50 هەزار ماسک دروستدەکەن.
 
کارگەکە کەوتووەتە شاری قەیروان لە تونس، نزیکەی 150 کرێکاری هەیە و کرێکارەکان بەشێوەیەکی خۆبەخشانە لەنێو کارگەکەدا کاردەکەن و خواستی وڵاتەکەیان بۆ ماسک پڕکردووەتەوە.
 
تاوەکو ئێستا لە تونس، 394 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنابوون، 10 کەس گیانیانلەدەستداوە و سێ لە تووشبووەکانیش چاکبوونەتەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:34

یەکەم بەرپرسی ئەمریکا بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا

یەکەم بەرپرسی ئەمریکا بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا
 
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، یەکێک لە ئەندامانی تیمی وەزارەتی دەرەوە گیانی لەدەستداوە.
 
پۆمپەیۆ ناوی بەرپرسەکە و هەروەها پۆستەکەی ئاشکرا نەکرد کە یەکەمین بەرپرسی ئەمریکایە بەهۆی کۆرۆناوە گیان لەدەستبدات.
 
هەروەها، پێشتر وەزارەتی بەگری ئەمریکاش رایگەیاندبوو، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کارمەندێکی پێنتاگۆن گیانی لەدەستداوە.
 
بەدەر لەم بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، تاوەکو ئێستا چوار هەزار و 55 کەسیش گیانیان لەدەستداوە و پێشبینی دەکرێت لە دوو هەفەتەی داهاتوودا ئەو ژمارەیە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە. 

 

 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

10:33

کۆرۆنا لەنێو سوپای ئەمریکا بڵاودەبێتەوە؛ زیاتر لە هەزار سەرباز و کارمەند تووشبوون

کۆرۆنا لەنێو سوپای ئەمریکا بڵاودەبێتەوە؛ زیاتر لە هەزار سەرباز و کارمەند تووشبوون
 
ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنیا سنوورە جوگرافییەکانی نەبەزاندووە، بەڵکو توانیویەتی بچێتە نێو جەستەی بەهێزترین و پڕچەکترین سوپاکانی جیهان، ئەویش سوپای ئەمریکایە.
 
تاوەکو ئێستا لەنێو سوپای ئەمریکادا زیاتر لە هەزار تووشبوو هەن کە بەمشێوەیەن:
 
568 سەرباز
 
150 لە خێزانانی سەربازەکان
 
220 کارمەندی نێو دامەزراوەی سەربازی
 
80 کارمەند کە بە گرێبەست کار لەگەڵ پێنتاگۆن دەکەن
 
لەنێو ئەو تووشبوواندا، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، سەربازێک و دوو کارمەندی دامەزراوەی سەربازی.
 
ئێستا لەنێو پێنتاگۆندا نیگەرانییەک دروستبووە لەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو هێزەکانی ئەمریکادا بڵاوببێتەوە و تواناکانی وەڵامدانەوەی سست بکات، بۆیە بەگوێرەی هەندێ سەرچاوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ژمارەیەک لە فەرماندە پلە بەرزەکانی سوپا، شارەزایانی چەکی ئەتۆمی و فەرماندەکانی هێزە تایبەتەکانی خستووەتەژێر رێکاری تایبەتی نائاسایی، بەمەبەستی پاراستنیان لە ئەگەری سەرهەڵدان یان روودانی هەر قەیرانێک.
 
ئەو هێزە تایبەتانە ئامادە دەکرێن بۆ ئەگەری ئەنجامدان و جێبەجێکردنی هەر ئەرکێکی ئەتۆمی، مەبەست لەو هەنگاوەی پێنتاگۆن، دابینکردنی هێز و فەرماندەی سەربازیی تەندروستە کە بتوانێت فەرمانە سەربازییەکان بە باشترین شێوە لەمکاتەی قەیرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، جێبەجێبکەن.
 
تاوەکو ئێستا سوپای ئەمریکا وەک مارک مێڵی، فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا دەڵێت، نەکەوتووەتە رەوشێکەوە کە کۆرۆنا بتوانێت کاریگەری گەورەی لەسەر بکات، بەڵکو ئەو کاریگەرییانە بە گوێرەی پۆڵێنی خودی مێڵی لەنێوان کەم بۆ مامناوەندە.
 
ئیمانوێل ئۆرتێز، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، بانگهێشتی زیاتر لە 10 هەزار سەربازی یەدەگی ئەمریکی کراون تاوەکو خۆویستانە بەشداری لە شەڕی دژ بە کۆرۆنا بکەن.

 

 
زیاتر بخوێنەوە

10:26

گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئەمریکا چوار هەزار کەسی تێپەڕاند

دوایین ئامارەکان
 
ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە جیهان 860 هەزار و 793 کەسن، بەشێک لە حکومەتی وڵاتان بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری قەدەخەی هاتووچۆیان راگەیاندووە و بەوهۆیەوە نزیکەی نیوەی دانیشتووانی جیهان لە ماڵەوەن. 
 
ئەمریکا زۆرترین ژمارەی تووشبوون و ئیتاڵیا زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانی تێدایە. لە ئەمریکا 189 هەزار و 633 تووشبوو تۆمارکراون و لە پلەی یەکەمی وڵاتانی جیهانە. 
 
ئیتاڵیا پلەی دووەمی بۆ ژمارەی تووشبووان گرتووە، 105 هەزار و 792 کەس تووشبوون و 12 هەزار و 428 کەسیش گیانیان لەدەستداوە کە زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانە. 
 
178 هەزار و 378 کەس لە جیهان چاکبوونەتەوە. چین کە شوێنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیە زۆرترین ژمارەی چاکبوونەوەی تێدایە و 76 هەزار و 207 کەسن. 
 

 

 

زیاتر بخوێنەوە