پار 181 هەزار کەس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا داوای مافی پەنابەرییان لە ئەوروپا کردووە
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسێکی سەر بە یەكێتیی ئەوروپا راپۆرتی تایبەت بە داواکردنی مافی پەنابەری بۆ ساڵی 2023 لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت، ساڵی رابردوو زیاتر لە 181 هەزار هاووڵاتی سووریایی و هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە.
رۆژی 29-02-2024، ئاژانسی پەنابەریی یەکێتیی ئەوروپا EUAA راپۆرتێکی تایبەت بە پێدانی مافی پەنابەری لە ئەوروپا بۆ ساڵی 2023 بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە ئاژانسەکە بڵاویکردوونەتەوە، لە ساڵی 2023 زیاتر لە 181,356 هاووڵاتیی سووریا و هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان داوای مافی مانەوەیان لە وڵاتانی یەکێتییەکە کردووە و لە ساڵی 2022ـش 131,791 کەس داوای مافی مانەوەیان کردووە، بەوەش ژمارەکە 38٪ کەمیکردووە.
ژمارەی ئەو هاووڵاتییە سووریاییانەی کە لە ساڵی رابردوودا داوای مافی مانەوەیان لە یەکێتییەکە کردووە بەراورد بە ساڵی 2015، ٪50 کەمیکردووە و ژمارەکە لە ساڵی 2015 زیاتر لە 186,500 کەس بووە.
ئاژانسی پەنابەرانی یەکێتیی ئەوروپا رایدەگەیێنێت، ساڵی رابردوو زیاتر لە 1.14 ملیۆن کەس لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیy ئەوروپا داوای مافی مانەوەیان کردووە، ئەوەش بە زۆرترین ژمارەی پەناخوازان دادەندرێت کە لە دوای ساڵی 2015ـەوە.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی کە دەزگاکە بڵاوی کردوونەتەوە، ساڵی رابردوو، یەک ملیۆن و 14 هەزار و 618 کەس لە یەکێتییەکە داوای مافی مانەوەیان کردووە و بەراورد بە ساڵی 2022 ژمارەکە 18٪ زیادیکردووە، کە لەو ساڵەدا 966,107 کەس داوای مافی مانەوەیان لە یەکێتییەکە کردبوو.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لەنێو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، زۆرترین کەس لە ئەڵمانیا داوای مافی مانەوەیان کردووە، کە زۆربەیان خەڵکی سووریا، ئۆکراینا و ئەفغانستانن و ژمارەیان 334,000 کەس بووە.
ئاژانسەکە دەشڵێت، 4.4 ملیۆن پەنابەری ئۆکراینی لە ساڵی رابردوو بەهۆی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا ناچار بوون وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن و رووبکەنە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا.
یاسای نوێی پەنابەری
لە کانوونی یەکەمی رابردوو، یەکێتیی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر ئەوە رێککەوتن کە گۆڕانکاری لە سیستمی پەنابەرانی یەکێتییەکەدا بکەن.
رۆبێرتا میتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رێککەوتنەکەی بە "گرنگ" ناوبرد و گوتی: "ئەمڕۆ یەکێتیی ئەوروپا گەیشتە رێککەوتنێکی گرنگ لەسەر کۆمەڵێک یاسای نوێ بۆ پەنابەران".
رێککەوتنەکە بووە جێگەی خۆشحاڵی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا. ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند: "رێککەوتنەکە زۆر پێویست و بەپەلە بوو و ماوەیەکی زۆر بوو دواکەوتبوو".
نێوەڕۆکی رێککەوتنەکە چۆن بوو؟
یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاندووە، ئامانجی رێککەوتنەکە بۆ ئەوەیە کە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی بە رێگەی نایاسایی خۆیان دەگەیێننە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا کەمبکرێتەوە.
لە رێککەوتنەکەدا هاتووە: "ئەو کۆچبەرانەی کە دەگەنە یەکێتیی ئەوروپا دەبێت بە کاتێکی زووتر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، دروستکردنی چەند نێوەندێکی راگرتنی کۆچبەران لەسەر سنوورەکان و خێراکردنی دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی، کە داواکەیان بۆ مافی مانەوە رەتکراوەتەوە".
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، گوشار لەسەر ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە بەشی باشووری یەکێتییەکە کەمدەکرێتەوە و کۆچبەران بەشێوەیەکی یەکسان لەنێوان ئەندامانی یەکێتییەکە دابەش دەکرێن.