نزیکەی ملیۆنێک گوند لە چین هەن و 22.5%ی داهاتی وڵاتەکە پێکدەهێنن؛ دانیشتووانیان روو لە کەمبوونە

 
رووداو - چین

گوند لانکەی شارستانیەت و سەرچاوەی دەستی کار و بەرهەمە، بەڵام چڕبوونەوەی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتن و داهات لە شارە گەورەکان وایکردووە کە لە وڵاتێکی وەکو چین کە نزیکەی یەک ملیۆن گوندی هەیە، رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەی دانیشتووانیان کەمتر ببێتەوە و ژمارەی دانیشتووانی هەندێک گوند لە پەنجەی دەستەکان نزیک ببنەوە.
 
شەپۆلی کۆچ بەرەو شارەکان وایکردووە گوندی شۆیسۆنگ لە شوێنێکی ئاوەدان و پڕ دەنگەوە ببێتە ناوەندێکی بچووک بۆ ئەو دەگمەن کەسانەی لێی ماونەتەوە.
 
ژاو چینگ، جووتیاری گوندی شۆیسۆنگ دەڵێت، "پێشتر نزیکەی 2000 کەس لەم گوندەدا هەبوون، ئێستا تەنها 100 کەسین، ئەگەر گەشتیاریش نەبێت، تەنانەت دوو کەسیش نابینیت، هەندێکجار بەڕاستی هەست بە تەنیایی دەکەم، من تەنها یەک کچم هەیە، ئەو لە گوندی (یان) دەژی."
 
دۆنگ یو ران تەمەنی 12 ساڵە و خوێندکارە، ئاماژە بەوە دەکات، "کاتێک من و خێزانەکەم لە پەرستگا نوێژ دەکەین، هەست بە دڵخۆشییەکی زۆر دەکەم. گوندەکەمان سرووشتێکی زۆر جوان و رەسەن و خواردنی بەتامی هەیە. لە گوند دەژیم و زۆرم خۆشدەوێت."
 
477 ملیۆن چینی لە گوندەکان دەژین، کە دەکاتە 37%ی کۆی دانیشتووانی ئەو وڵاتە؛ هەرچەندە زۆرینەی گوندنشینان کەسانی پیر و بەتەمەنن، هەلی لەباری کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و گەشتیاریی گوندەکانیان بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان قۆستووەتەوە.
 
هەرچەند هەلی لەباری ژیان لە شارەکان کۆچی بەردەوامی گوندنشینانی لێکەوتووەتەوە، بەڵام ئارامی و سرووشتی گوندەکان کردوونیەتە ناوەندی گەشتیاری، بە شێوەیەک ساڵی 2023 نزیکەی 600 ملیار دۆلار داهاتیان هەبووە، کە دەکاتە 22.5% کۆی گشتی داهاتی چین.