کۆشکی سپی 'پشتیوانی لە کوردستانێکی بەهێز و مافە دەستوورییەکانی دەکات'

رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، دەڵێت، کۆشکی سپی "پشتیوانی لە کوردستانێکی بەهێز و مافە دەستوورییەکانی دەکات."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەکە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە بووە؛ جەیک سوڵیڤان رایگەیاندووە، جۆ بایدن "سڵاو و رێزی بۆ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکومەت هەیە و پشتیوانیی کۆشکی سپیشی بۆ کوردستانێکی بەهێز و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان دووپاتکردەوە." 
 
هەروەها جەیک سوڵیڤان ستایشی "ئازایەتیی و خەبات و قوربانیدانەکانی پێشمەرگەی کرد بەتایبەتی لە رووبەڕووبوونەوەی داعش، جەختیشی لە گرنگیی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی بەشە بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم کردەوە."
 
لای خۆیەوە، سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتگیریی ئەمریکای کردووە و دووپاتیکردووەتەوە کە "پێویستە رێز لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بگیرێت و مافی پێکهاتەکانی کوردستان پارێزراو بێت و پێشێل نەکرێت".
 
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی جێبەجێکردنی دەستوور و پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵیی لە عێراق کردووە.

 

 
هاوکات، مەسرور بارزانی لەگەڵ برێت مەکگورک، هاوئاهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا‌ ‌کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدراڵی هەرێمی کوردستان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان".
 
مەسرور بارزانی ماوەی چەند رۆژێکە لە واشنتنە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئەمریکا کۆبووەتەوە. 
 
هەر ئێوارەی پێنجشەممە، مەسرور بارزانی لە پێنتاگۆن، لەگەڵ ساشا بەیکەر، بریکاری وەزیری بەرگری بەوەکالەت کۆبووەوە و "هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و هێرشە مووشەکییەکەی مانگی رابردووی ئێران بۆ سەر هەولێریان تاوتوێ کردن."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، ساشا بەیکەر، پێشوازیی لە سەرکۆنە دەستبەجێکەی هەرێمی کوردستانی کرد لە بەرامبەر هێرشەکەی مانگی رابردووی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن کە بووە هۆی کوشتنی سێ سەربازی ئەمریکی.
 
هەروەها بریکاری وەزیری بەرگریی ئەمریکا، "دانی بەو هەڕەشەدا نا کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە لەلایەن ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی". 
 
ئەو بەرپرسە باڵایەی پێنتاگۆن لە کۆبوونەوەکەدا "پابەندیی ئەمریکای بۆ هاوبەشییە درێژخایەنەکەی بۆ خەڵکی عێراق، لەنێویشی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بۆ هەرێمی کوردستانێکی سەقامگیر و ئارام لەچوارچێوەی عێراقێکی سەروەردا دووپاتکردووەتەوە".
 
مەسرور بارزانی و ساشا بەیکەر، هەروەها باسیان لە چاکسازییەکانی نێو هێزی پێشمەرگە کرد، بەگوێرەی ئەو یاداشتنی لێکتێگەیشتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لەساڵی 2022 دیاریکراوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا هاوڕابوون لە سەر بەردەوامبوونی پشتیوانیی و هارکاریکردنی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش و تیرۆر، پشتگیریکردنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.