لانیکەم 44 کەس لە بەنگلادیش بەهۆی ئاگرێکی گەورەوە گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی بەنگلادیش دەڵێت، بەهۆی ئاگرێکی گەورەوە لە دەکای پایتەخت لانیکەم 44 کەس گیانیان لەدەستداوە و چەندین کەسی دیکەش بێهۆش بوون.
سەمانتا لەل سێن، وەزیری تەندروستیی بەنگلادیش لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئاگرەکە لە خواردنگەیەکی نێوەڕاستی شاری دەکای پایتەخت کەوتووەتەوە و دواتر بەرەو باڵەخانەکانی دیکەی نزیکی خواردنگەکە تەشەنەی سەندووە.
وەزیری تەندروستیی بەنگلادیش ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا تەرمی 44 کەس بەهۆی ئاگرەکەوە سووتابوون، رەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری دەکا کراون.
بەگوتەی بەرگریی شارستانی، ئاگرەکە کاژێر 1:00ـی دوای نیوەڕۆ بەکاتی دەکا، کەوتووەتەوە و تاوەکو 9:45 خولەکی شەو بەردەوام بووە.
بەرگریی شارستانیی بەنگلادیش دەشڵێت، توانیویانە زیاتر لە 75 کەس لەنێو باڵەخانەکان رزگار بکەن، ئاماژەی بەوەش کرد، چەندین کەسی دیکەش تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن.
لەبارەی هۆکاری ئاگرەکە، دەزگای ئاگرکوژێنەوەی بەنگلادیش ئاماژەی بەوە کردووە، تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دیار نییە، بەڵام گومانیان هەیە لەوەی ئاگرەکە لە ئاگردانی نێو خواردنگەکەوە بڵاوبووبێتەوە.
رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانە و کارگەکانی بەنگلادیش دەگمەن نین و ئەوەش بەهۆی ئەوەی یاساکانی سەلامەتی بەشێوەیەکی ئەوتۆ جێبەجێ ناکرێن.
لە تەممووزی 2021، لانیکەم 52 کەس بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کارگەیەکی شاری دەکا گیانیان لەدەستدا. هەروەها لە شوباتی 2019ـەش 70 کەس بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە خواردنگەیەکی شارەکە گیانیان لەدەستدا.