ئەردۆغان: هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا 'پەسندکراو' نییە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بە "پەسند نەکراو" ناو دەبات و رایدەگەیێنێت، تورکیا لەگەڵ دیالۆگە.
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کابینەی وەزیرانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە گوتارێکی پێشکێشکرد کە بەشی سەرەکیی گوتەکانی تایبەت کرد بە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا. ئەردۆغان لە بەشێکی گوتەکانیدا دەڵێت، " هێرشی رووسیا بۆ سەر خاکی ئۆکراینا بە پەسندنەکراو دەبینین و رێزیش لە تێکۆشانی حکومەت و گەلی ئۆکراینا دەگرین."
 
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها باس لەوەش دەکات، "هەروەک هەمیشە گوتوومانە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین رێز لە سەروەری، یەکێتیی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا بگیرێت. هەر لە سەرەتای قەیرانی نێوان هەردوو وڵاتەوە، هەڵوێستی بێ بڕیاری ئەوروپا و ئەمریکا، بەتایبەتیش هەڵوێستی لاوازی بەیانیی 24ـی شوبات لەلایەن ئێمەوە وەکو دیاردەیەکی پەندئامێز تۆمارکرا."
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو دەسەڵاتەی بەڵێننامەی مۆنترۆ لە بابەتی هاتووچۆی کەشتی لە گەرووەکاندا بە وڵاتەکەمانی داوە، بەشێوەیەک بەکاردەهێنین کە پێش لە قەیرانەکان بگرێت."