رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە هێرش بکەنە سەر حەشارگەیەکی داعش لە سۆماڵ و بە گوتەی خۆی "ژمارەیەک تیرۆرست" کوژراون.
ئەمڕۆ شەممە، 1-2-2025، دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا بڵاویکردەوە: "ئەم بەیانییە، فەرمانمکرد هێرشی ئاسمانیی ورد بکرێتە سەر پلانداڕێژەرێکی باڵای هێرشەکانی داعش و ئەو تیرۆرستانەی دیکەی کە لە لایەن خۆیەوە لە سۆماڵ دامەزرێنرابوون و سەرکردایەتی دەکران."
ترەمپ دەشڵێت: "ئەم بکوژانە، کە زانیمان خۆیان لە ئەشکەوتێکدا حەشارداوە، هەڕەشەیان لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان دەکرد."
بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، فڕۆکە جەنگییەکان ئەشکەوتەکەیان "وێرانکردووە و ژمارەیەک تیرۆرستیان کوشتووە بێ ئەوەی بە هیچ شێوەیەک زیان بە خەڵکی سڤیل بگات."
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا لەم چەند ساڵەی رابردوودا پێداچوونەوەی بە چالاکییە سەربازییەکانی لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا کردووە بۆ ئەوەی رۆڵی خۆی کەمبکاتەوە، بە دیاریکراویش لە شوێنەکانی وەک سۆماڵ کە بزووتنەوەی شەباب و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی تێدا چالاکن.
هەرێمی پوتلاند لە باکووری رۆژهەڵاتی سۆماڵ بە مۆڵگەی سەرەکی داعش لەو وڵاتەدا دادەنرێت. لقی سۆماڵی داعش لە ساڵی 2015 لە لایەن عەبدولکەریم موئمن، سەرکردەی پێشووی بزووتنەوەی شەبابەوە دامەزرێنرا.
ماوەی دوو مانگە سوپای سۆماڵ دەستیکردووە بە هێرش بۆ سەر حەشارگەکانی داعش، کە تاوەکو ئێستا دەیان بنکەی گرووپە پەڕگیرەکەی کۆنترۆڵکردووە و ژمارەیەکی زۆری چەکدارانیشی کوشتووە، کە بەشێکیان بیانین
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ