لە ئەمریکا فڕۆکەیەک دوای 30 چرکە لە فڕینی تێکشکا و 6 کەس گیانیان لەدەستدا

01-02-2025
تەنیا ئەحمەد
فڕۆکەکە 6 سەرنشینی هەڵگرتبوو و هەموویان گیانیان لەدەستدا.
فڕۆکەکە 6 سەرنشینی هەڵگرتبوو و هەموویان گیانیان لەدەستدا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێت، ساتی تێکشکانی فڕۆکەیەکی بچووکی فریاگوزارییە لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری فیلادێلفیای ئەمریکا. فڕۆکەکە 6 سەرنشینی مەکسیکی هەڵگرتبوو و هەموویان گیانیان لەدەستدا.
 
سەرنشینەکان پێکهاتبوون لە کچێکی بچووکی نەخۆش و دایکی کە بۆ چارەسەر چووبوونە ئەمریکا، لەگەڵ چوار کەس لە تیمی پزیشکی و فڕۆکەوانی.
 
شێرڵ پارکەر، سەرۆکشارەوانیی فیلادێلفیا لەبارەی رووداوەکەوە گوتی، "فڕۆکەیەک لە نزیک مۆڵی روزڤێلت لە شەقامی کۆتمان لە کاژێر 06:00 کەوتەخوارەوە. داوا دەکەین نزا بۆ هەموو ئەوانە بکرێت کە بەهۆی رووداوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە."
 
بڕیاربوو فڕۆکەکە لە نەخۆشخانەیەکی منداڵانی شارەکەوە منداڵ و دایکەکە بگوازێتەوە شاری برانسن لە ویلایەتی میزوری، لەوێشەوە بگەڕێنەوە شاری تیخوانا لە مەکسیک.
 
فڕۆکەکە دوای 30 چرکە لە فڕین و لە بەرزیی 487 مەتر کەوتە خوارەوە.
 
شێرڵ پارکەر، سەرۆکشارەوانیی فیلادێلفیا لەبارەی زیانی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە دەڵێت، "چەند خانوو و ئۆتۆمبێلێک زیانیان بەرکەوتووە، داواتان لێدەکەین لە شوێنی رووداوەکە دووربکەونەوە. قسەمان لەگەڵ حاکمی پێنسلڤانیا کردووە". 
 
فەرمانگەی فیدراڵیی فڕۆکەوانیی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوەی وڵاتەکە لە هۆکاری تێکشکانەکە دەکۆڵێتەوە. ئەمە دووەم رووداوی تێکشکانی فڕۆکەیە لە سێ رۆژی رابردوو لە ئەمریکا روویدابێت.
 
رۆژی 29ـی کانوونی دووەم، فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر و هێلیکۆپتەرێکی سەربازی لە شاری واشنتن دی سی پێکیاندادا و لە رووداوەکەدا 67 کەس گیانیان لەدەستدا.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاسیا جەلال، پارێزەر و چالاکی مەدەنی لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە.

ژنە پارێزەرێکی کورد بەهۆی لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی لە توونس خەڵاتێکی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا

ژنە پارێزەرێکی کورد، لە كۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی توونس بە پێشکێشکردنی لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی، خەڵاتی زێڕینی بەدەستهێنا؛ ئەو پارێزەرە دەڵێت، "ئەم خەڵاتەم لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکێش کرا."