رووداو دیجیتاڵ
هەدیە سمووقی خانمێکی کوردە لە ئەڵمانیا، ستایلێکی باڵکێشی مۆدەی هەیە؛ هاوکات یارمەتیی ئەو خانمانە دەدات کە دەیانەوێت کێشی خۆیان دابەزێنن.
هەدیە سمووقی، یەکێک لەو ژنە کارئەفرینانەیە کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پرۆژەیەکی تەندروستیی دامەزراندووە و سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە؛ لەو بارەیەوە میوانی دیاسپۆرا بوو، باسی لە گرنگیی تەکنەلۆژیا و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بەشداریی ژنان لە بواری کارکردندا کرد.
سمووقی دەڵێت، "سەرەتا دوودڵ بووم لە دەستپێکردنی کارەکە، بەڵام لە ساڵی 2014وە کە دەستم بە کاری ئۆنلاین کرد، بینیم چ دەرفەتێکی گەورەیە و تەکنەلۆژیا چەند هاوکار بووە لە لابردنی کۆسپەکانی بەردەم کارکردنی ژنان."
ئەو کۆمپانیای سمووقی کاری تێدا دەکات لە بواری بەرهەمە تەندروستییەکان و ڤیتامینە سرووشتییەکان چالاکیی زۆرە و لە ماوەیەکی کەمدا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە؛ ئەو خانمە دەڵێت، "هەموو بەرهەمەکانمان 100% سرووشتین و لەژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕدا بەرهەم دەهێندرێن. ئێمە مۆڵەتی فەرمیمان لە دەزگا پەیوەندیدارەکان وەرگرتووە."
هەدیە سمووقی سوپاسی هاوکاریی خێزانەکەی کرد لە سەرکەوتنی کارەکەی و گوتی، "سەرەڕای ئەو رەخنە و قسە نەشیاوانەی هەندێک کەس دەیکەن دەربارەی کارکردنی ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام هاوژینەکەم هەمیشە هاندەر و پشتیوانم بووە، ئێمە پێکەوە کار دەکەین و سەرکەوتنەکانمان هاوبەشە."
سمووقی جەختی لەسەر گرنگیی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا کردەوە بۆ بەهێزکردنی رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا و دەڵێت، "ئێستا سەردەمی تەکنەلۆژیایە و پێویستە ژنانی کورد سوود لەم دەرفەتە وەربگرن، دەتوانن کاری ئۆنلاین بکەنە پردێک بۆ سەربەخۆیی ئابووریی خۆیان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ