رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی رابردوو دوو هەواڵ لە سوێدەوە هەم دیاسپۆرای کوردیی لەو وڵاتە و هەم لە دەرەوەی سوێدیش راچڵەکاند. یەکەمیان هەواڵی کوژرانی کاسبکارێکی کورد بوو بەناوی (هێرش هاشم عەزیز)، کە بە حاجی هێرش ناسرابوو. دووەمیش هەواڵی کوژرانی کۆچبەرێکی عێراقی بوو بەناوی سەلوان مۆمیکا لەکاتی لایڤێکی تیکتۆکدا.
حاجی هێرش پێشتر کوڕێکی لە سوێد کوژرابوو. ئەوکات لەو دووکانەدا، کە تێیدا کوژراوە، چووینە لای و قسەی بۆ دیاسپۆرا کرد، بێزاریی خۆی لە دۆخی ژیان لە سوێد دەربڕی و گوتی، "سێ ساڵ لەمەوپێش کوڕێکی 26 ساڵەم شەهید بوو، هەر لەنزیک گەڕەکی خۆمان، دوای سێ ساڵ هێشتا پۆلیس بکوژەکەیان نەدۆزیوەتەوە، هەرچەندە من ناوی بکوژەکەم بە پۆلیس گوتووە و وێنەشم پیشان داون، بەڵام تاوەکو ئێستا پۆلیس دەستگیری نەکردووە."
هەروەها گوتیشی، "ئەوەی راستی بێت، پۆلیس بە ئێمەی گوت کوڕەکەم راستەوخۆ کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێک نەبووە، بەڵام هاوڕێکانی لێرە هەمووی گرووپ گرووپن، هاوڕێکانی کێشەیان هەبووە، دەکرێت وەکو تۆڵە کوڕەکەمیان کوشت بێت."
حاجی هێرش ئاماژەی بەوەش کرد، "لێرە کە منداڵ پەروەردە دەکەیت، لە ماڵەوە بە جۆرێکە و لە دەرەوە جۆرێکی دیکەیە، بۆ نموونە تۆ ناتوانیت بە هیچ شێوەیەک تووند بیت لەگەڵیان، خۆمان باوک و دایکمان کاتێک تۆزێک تووندوتیژییان لەگەڵ دەکردین، ئەگەر شتێکمان بکردایە، بەڵام لێرە بۆت نییە هیچ جۆرە تووندوتیژییەک بەرامبەر منداڵی خۆت بکەیت، واتە قەدەخەیە، ئەگەر منداڵێک شوێنێکی شین بێتەوە، لە ماڵیش بێت، لە قوتابخانەش بێت، ئەگەر بیبینن یەکسەر دەکەوێتە سکاڵا و سۆسیال، لەوانەیە منداڵەکەشت لێ بسەننەوە کە ئازارت داوە."
هەر لەبارەی تووندوتیژی و کوشتنەوە لە سوێد؛ سەلام کوردە، بەرپرسی ناوەندی رەوەندی کوردستانی، کە یەکەمین کورد بوو کە لە میدیای سوێدیدا و دواتر لە بەرنامەی دیاسپۆراش زەنگی هۆشیارکردنەوەی سەبارەت بە تووندوتیژییەکانی سوێد لێدا، کە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت، رایگەیاند، "لە ماوەی تەنیا یەک مانگدا، سوێد شایەتی 33 تەقینەوە و کردەوەی تووندوتیژی بووە، کە زۆربەیان پەیوەندییان بە گرووپە تاوانکارییەکانەوە هەیە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی لەلای دامەزراوە ئەمنییەکان و هاووڵاتییان."
سەلام کوردە، کە وەکو چاودێرێکی دۆخی کۆمەڵایەتییش لە سوێد چالاکە، گوتی، "دۆخەکە لە سوێد گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، کە تەنانەت لە تێکساسیش نابینرێت. پۆلیسی سوێد بەهۆی سنوورداریی یاساکانەوە ناتوانێت کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات."
بەپێی زانیارییەکان، بەشێکی گەورەی تووندوتیژییەکان لە ئەنجامی ململانێی نێوان گرووپە تاوانکارییەکانەوە سەرچاوە دەگرن، کە لەسەر کۆنترۆڵکردنی بازاڕی ماددە هۆشبەرەکان و سەپاندنی باج بەسەر خەڵکدا پێکدادان دەکەن.
سەلام کوردە ئاشکرای کرد، دوو گرووپی سەرەکی لە پشت زۆربەی تووندوتیژییەکانەوەن، کە یەکێکیان پەیوەندیی بە کوردی باشوور و ئەوی دیکەیان بە کوردی باکوورەوە هەیە؛ لەم دواییانەدا کوژرانی ژنێک بووە هۆی هەڵگیرسانەوەی شەڕ لەنێوان هەردوو گرووپەکەدا.
بە گوتەی سەلام کوردە، "ئێستا چەک بووەتە شتێکی زۆر ئاسایی. هەرچەندە لەسەر شەقامەکان نابیندرێت، بەڵام زۆربەی گەنجەکان چەک و تەقەمەنی و نارنجۆکیان پێیە. ئەمەش دۆخێکی بێ وێنەیە لە سوێد."
کوردە روونیکردەوە، فیدراسیۆن و ناوەندەکانی رەوەندی کوردی لە سوێد نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لەوەی ئەم تووندوتیژییانە کاریگەریی خراپیان لەسەر ناوبانگی کورد لە سوێد دروست کردووە. ئەوان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و میدیای سوێدی، داوایان کردووە هەڵەی تاکەکەسی نەخرێتە پاڵ کۆمەڵگەی کوردی بە گشتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ