وەزیری بەرگریی ئەمریکا: سەرۆک بایدن کوشتنی سەربازانی ئەمریکی قبووڵ ناکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، بەردەوامن لە کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی ئەو هێرشەی کرایە سەر بنکەکەی سوپای وڵاتەکەی لە ئوردن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، جۆ بایدن هێرشکردنە سەر سوپای ئەمریکا قبووڵ ناکات.
رۆژی پێنجشەممە، 1-2-2024، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لەبارەی هێرشی سەر بنکەی سەربازیی سوپای وڵاتەکەی لە ئوردن و ئامادەکارییەکانی واشنتن بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێزانەی هێرشەکەیان ئەنجام داوە، رایگەیاند، "سەربازەکان لە لایەن میلیشیا رادیکاڵەکانەوە کوژران کە ئێران پاڵپشتییان دەکات و لە عێراق و سووریا جموجووڵیان هەیە. سەرۆک بایدن هێرشکردنە سەر سەربازانی ئەمریکی قبووڵ ناکات و منیش ئەوە قبووڵ ناکەم".
لەبارەی وەڵامدانەوەی سوپای وڵاتەکەی بۆ ئەو هێرشە، لۆید ئۆستن گوتی، "سەرۆک بڕیاریداوە (کە وەڵام بداتەوە)، بەڵام هێرشی لەو جۆرە دەبێت لە کاتی گونجاودا بێت. لە بواری پلاندانان و پێدانی رێنماییەوە بە فەرماندە سەربازییەکان پێشکەوتنی زۆر بەدەستهاتووە".
لە 7-10-2023ـەوە دۆخێکی خراپ و پڕ لە گرژی، بەشێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە. لە وەڵامی ئەو هێرشەیشدا ئیسرائیل هێرشیکردە سەر کەرتی غەززە و بەڵینیداوە کۆتایی بە دەسەڵاتی حەماس لەو ناوچەیەی فەلەستین بێنێت.
لۆید ئۆستن ئاماژەی بەوەکرد، ئەو دۆخەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە "مەترسیدارە و کاردەکەین بۆ ئەوەی رێگری لە پێکدادانی گەورەتر لە ناوچەکەدا بکەین، بەڵام هەر کارێکیش پێویست بێت بۆ پارێزگاریکردن لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەرژەوەندییەکانمان و خەڵکەکەمان دەیکەین".
وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتی، "ئامانجمان ئەوەی ئەم قەیرانەی غەززە کۆنترۆڵبکەین و نەهێڵێن گەورەتر بێت. ئێمە لە جەنگدا نین دژی ئێران و پێمان وا نییە ئیسرائیلیش لە جەنگدا بێت لەگەڵ وڵاتانی دیکە ناوچەکە".
لە 17-10-2023ەوە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق کە خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبەن زیاتر لە 160 هێرشیان کردوەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا.
دوایین هێرش رۆژی یەکشەممە ئەنجامدرا کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی لە ئوردن و برینداربوونی 41ی دیکە.