یەکێتیی ئەوروپا بەرهەمهێنانی چەک و تەقەمەنی زیاد دەکات؛ 'بە نەیارانی دەڵێ ئامادەیە'

01-02-2024
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
وەزیرانی بەرگریی یەکێتیی ئەوروپا کۆدەبنەوە
وەزیرانی بەرگریی یەکێتیی ئەوروپا کۆدەبنەوە
نیشانەکردن یەکێتیی ئەوروپا
A+ A-
رووداو برۆکسل 

وەزیرانی بەرگریی هەر 27 وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ یاریدەدەری سکرتێری گشتیی ناتۆ و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا لە وەزارەتی بەرگریی بەلجیکا کۆدەبنەوە، یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێت بە نەیارانی بڵێ "بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەیە."
 
پرسی سەرەکیی کۆبوونەوە لووتکەکە؛ زیادکردنی هاریکاری بۆ ئۆکراینا و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە لەدژی حووسییەکان لە دەریای سوور.
 
بەلجیکا، دانمارک، هۆڵەندا و ئەڵمانیا لە وڵاتانی سەرەکیی بەشدارن لەو ئۆپەراسیۆنەی دژی حووسییەکان کە ناوینراوە ئەسپیدس.
 
جۆزێڤ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا دەڵێ "دەزانن کە ئاسایشی رێڕەوە ئاوییەکانی دەریای سوور لە چەند هەفتەی رابردوودا زۆر خراپ بووە. بەرەوپێشچوون هەبووە لە کارەکانمان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی دەریایی بە ناوی ئەسپیدس، کە لە وشەیەکی یۆنانییەوە وەرگریراوە، بە مانای قەڵخان دێت. ئەمە قەڵخانە. دەزانن لە دۆخێکی تەواو بەرگرییدا بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان، ئاژانسی تایبەت بە چاودێریکردنی بەندییەکان و زیادکردنی هۆشیاری دەریایی بەردەوامین."
 
بەلجیکا بە کەشتییەکی سەربازی بەناوی لوی ماری، بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەکات؛ لەکاتێکدا لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا (شوبات)، پەرلەمانی بەلجیکا دەنگ لەسەر ئەرکی نوێی سوپای وڵاتەکەی دەدات.
 
لودڤین دێدۆندەر، وەزیری بەرگری بەلجیکا گوتی "وەکو دەزانن رێککەوتنی سەرەتایی لە حکومەتەکەمان بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنی لو ماری هەبوو. ئۆپەراسیۆنی جیاواز لە ناوچەکەدا هەن و دەبێت هەماهەنگی هەبێت. ئەمڕۆ، ژمارەیەک گفتوگۆمان هەبوو و تیمەکان بەیەکەوە کاردەکەن. ئێستا پێویستە بگەڕێمەوە بۆ حکومەت و پەرلەمان بۆ زانیاری زیاتر بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتییان."
 
یەکێتیی ئەوروپا بەرهەمهێنانی چەک، بەتایبەتی تەقەمەنی زیاتر دەکات و هەندێکی بۆ ئۆکراینا و بەشێکیشی بۆ خۆیەتی، بۆ خۆپاراستنی لە هەرجۆرە رووداوێک کە دێتە پێشەوە.
 
تێری برێتۆن، کۆمیساری یەکێتیی ئەوروپا بۆ بازاڕی ناوخۆ و بەرگری باس لەوە دەکات "دوو مانگمان ماوە بۆ ئەو پلانەی دانراوە؛ بۆ بەرهەمهێنانی تەقەمەنیی زیاتر لە ئەوروپا بۆ ئۆکراینا و بۆ ئاسایشی خۆشمان. ئەمڕۆ ئەوروپا دەتوانێت یەک ملیۆن چەک بەرهەمبهێنێت، ئەمە دوو مانگ پێش ئەو پلانەی دامانناوە. دواتر، وەکو دەزانن پڕۆگرامی ئەسپمان بۆ بەرهەمهێنانی چەک هەیە."
 
باسی لەوەش کرد "لە کۆمپانیاکانەوە 82 پێشنیارمان بەدەستگەیشتووە بۆ ئەوەی لەلایەن پڕۆگرامەکەوە پاڵپشتی بکرێن. لەگەڵ تیمەکەم لە پرۆسەی یەکلاکردنەوەی کۆمپانیاکانداین و لە هەفتەکانی داهاتوودا 20 بۆ 30 کۆمپانیایان هەڵدەبژێرین کە سوود لە پرۆگرامی ئەسپ دەبینن."
 
تەواوی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە درێژبوونی وادەی شەڕی ئۆکراینا و رووسیا دوودڵن، لەلایەکی دیکەشەوە ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نائارامیی زیاتری لەلایان دروستکردووە.
 
هیچ بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی ئەوروپا لە کۆبوونەوەکانیاندا، لەبەردەم لێنزی کامێراکان و لەبەردەم رای گشتیش ناوی ئێران ناهێنن، بەڵام ئەو ئامادەکارییانەی دەیانکەن و رێکارەکانی دەخوازن لەبەرامبەر حووسییەکان لە دەریای سوور بیانگرنەبەر؛ پەیامێکی راستەوخۆیە بۆ تاران. ئامادەکارییەکانیشیان لە لایەنی چەکەوە نەوەک تەنیا بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینایە بەڵکو بۆ ئەوەیە بە دوژمن و نەیارەکانیان بڵێن "ئامادەین بۆ هەموو پێشهاتێک."
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.