رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، 1-2-2024، کارمەندانی 11 فڕۆکەخانەی ئەڵمانیا مانیان گرت و هێڵی ئاسمانیی تورکی (تورکیش ئەیرڵاین) رایگەیاند، کە ژمارەیەک لە گەشتەکانیان بۆ ئەو وڵاتە هەڵوەشێندراونەتەوە.
کۆمپانیا تورکییەکە رایگەیاندووە، ئەو هەڵوەشانەوەیە کاتییە و هەوڵدەدەن هەرچی زووە قەرەبووی گەشتیاران بکەنەوە و گەشتەکان بخەنەوە کاتی ئاسایی.
هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان لەکاتێکدایە، ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندان و ئاسایشی فڕۆکەخانەکانی ئەڵمانیا ناڕەزایی بەرامبەر هەلومەرجی کارکردنیان پێشاندەدەن و زووتر رایانگەیاندووە، کە رۆژی 1ـی شوبات مان دەگرن. سەرنشینەکان ئاگادارکرانەوە کە رۆژی پێنجشەممە هەڵوەشاندنەوە و دواکەوتن لە گەشتەکانیاندا دەبێت.
نزیکەی 25 هەزار کارمەندی ئەمنی لە پیشەسازیی فڕۆکەوانیدا ئەمڕۆ پێنجشەممە، مانیان لە کارەکانیانگرت. مانگرتنەکە لە فڕۆکەخانەکانی هامبۆرگ، برێمن، هانۆڤەر، بەرلین، کۆڵن، دوسلدۆرف، لایپزیگ، درێسدن، ئێرفۆرت، فرانکفۆرت/ مەین و شتوتگارت دەگرێتەوە.
دیتەر هولیک، گوتەبێژی فڕۆکەخانەی فرانکفۆرت کە گەورەترین فڕۆکەخانەی ئەڵمانیایە رایگەیاند، مانگرتنەکە کاریگەری زۆری دەبێت و روون نییە، کە ئایا دەکرێت ئۆپەراسیۆنە فریاگوزارییەکان بەردەوام بن یان نا. هولیک راشیگەیاندووە، بێتوانایی ئەوان لە دامەزراندنی کارمەند لە کۆمپانیا ئەمنییەکانی دیکە بەهۆی پێویستی بڕوانامە و راهێنانی گشتگیرەوەیە.
هاوکات، نزیکەی 90 هەزار کارمەندی 130 کۆمپانیای کەرتی گواستنەوەی ئەڵمانیا، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ مانگرتن لە رۆژی 2ی شوبات و ئەوانیش داوای باشترکردنی هەلومەرجەکان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ