نەتەنیاهوو: ئامادەم ناوبژیوانیی رووسیا و ئۆکراینا بکەم
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەر داوای لێبکرێت ئامادەیە رۆڵی نێوەندگیر لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا بگێڕێت و کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت.
رۆژی سێشەممە 31ی کانوونی دووەمی 2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکا ئامادەیی خۆی دەرببڕی ببێتە ناوبژیوانکاری نێوان رووسیا و ئۆکراینا، ئەگەر لەلایەن هەردوو وڵاتەوە یان ئەمریکا داوای لێبکرێت.
لەوبارەیەوە، نەتەنیاهوو گوتی: "ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکان داوام لێ بکەن، بیری لێدەکەمەوە، بەڵام بۆ خۆم هیچ داوایەک ناکەم و دەبێت لەکات و دۆخێکی دروستدا بێت تاوەکو ئەو رۆڵە بگێڕم."
هەروەها سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکایە گوتی: "دەبێت ئەمریکاش داوا بکات، چونکە نابێت زۆر دەستواردانیش هەبێت."
رۆژی دووشەممە، نەتەنیاهوو لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئۆرشەلیم/قودس کۆبووەوە و بە میدیای ئەمریکای راگەیاند، لەسەرەتای هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، داوای لێکرا رۆڵی هەبێت بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و ناوبژیوانی لەنێوان مۆسکۆ و کیێڤدا هەبێت، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە، "چونکە ئەوکاتە سەرۆکوەزیران نەبووم، یاساییەک لە ژیانی مندا هەیە، دەبێت یەک سەرۆکوەزیران هەبێت." نەتەنیاهوو نەیشاردەوە داوایەکی لەو شێوەیەی لێکراوە، بەڵام داواکە فەرمی نەبووە.
مانگی ئاداری رابردوو، حکومەتی ئۆکراینا داوای لە سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، نافتالی بێنێت کرد رۆڵی ناوبژیوان بگێڕێت لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا. هەر دوای داواکە، سەرۆکوەزیرانی پیشووی ئیسرائیل لەگەڵ لە ڤلادمێیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ڤۆلۆدمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کۆبووەوە، بەڵام کۆبوونەوەکان هیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتەوە.
لە دوای هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیلیش، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەوڵی نێوەندگێری نێوان ئەو دوو وڵاتەی دا بەمەبەستی کۆتایی هێنان بەو جەنگە، بەڵام هەوڵەکەی ئەویش هیچی لێ شین نەبووە.