رووداو دیجیتاڵ
ناسنامەی ئەو کەسەی ئاشکرا بوو، کە بە ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو ئاهەنگێکدا کرد لە شاری نیوئۆرلینزی ویلایەتی لویزییانەی ئەمریکا و کە بووە هۆی کوشتنی 15 کەس و، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا هێرشەکەی بە کارێکی تیرۆریستی ناوبرد.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2025) لە رووداوێکدا، کەسێک بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکئاپی رەنگ سپی و بە خێراییەکی زۆرەوە، خۆی بەنێو ژمارەیەک خەڵکدا لەنێوەڕاستی شاری نیوئۆرلینزدا دا، پاش رووداوەکە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پۆلیس کوژرا.
بەگوێرەی دوایین زانیاریی میدیای ئەمریکا، هێرشکارەکە ناوی شەمسەدین جەبارە و تەمەنی 42 ساڵ بووە. ئەو کەسە لە ویلایەتی تێکساس لەدایکبووە و گەورە بووە، بەڵام تائێستا نازانرێت بەڕەچەڵەک خەڵکی کوێیە.
عەبدولجەبار, 10 ساڵ لە نێو سوپای ئەمریکا خزمەتی کردووە. هەڵگری وڵاتینامەی ئەمریکییە و پێشینەی تاوانی هەبووە، پەیوەندیشی لەگەڵ داعش و گرووپە تووندڕەوەکانی دیکە دا هەبووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI)، ژمارەیەک خەڵک سەرقاڵی ئاهەنگگێڕان بوون بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە، بەڵام ئەو کەسە بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە خۆی بە نێویاندا دەکات، پاشان لە ئۆتۆمبێلەکەیەوە دێتەخوارەوە و تەقە لە پۆلیس دەکات، لە ئەنجامدا دوو پۆلیسیش بریندار دەکات، پۆلیسی وەڵامی دەداتەوە و هەر لە شوێنی رووداوەکە دا دەکوژرێت.
لاتۆیا کانترێڵ، سەرۆکی شارەوانیی نیوئۆرلینز، هێرشەکەی بە "تیرۆرستی" ناوبرد و بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەکەش رایگەیاند، هێرشکارەکە، بەئەنقەست ویستوویەتی زۆرترین خەڵک بکوژێت و کوشتارگە دروست بکات.
دوای رووداوەکە، کۆشکی سپی رایگەیاند جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە رووداوەکە ئاگادارکراوەتەوە و، بایدن و تیمەکەی لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن.
بایدن لە راگەیێندراوێکدا گوتی "هیچ پاساوێک بۆ هێرشە ترسناکەکە نییە و فەرمانم بە تیمەکەم کردووە هەموو هاوکارییەک پێشکێشی تیمە لۆکاڵییەکان بکەن بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە و، بەوردی بەدواداچوون بکەن و بگەنە هۆکارەکەی، هەروەها دڵنیاش بن لەوەی هیچ هەڕەشەیەکی هاوشێوەی ئەو رووداوە، نەمێنێت."
بایدن ئاماژەی بەوەش کردووە؛ قسەی لەگەڵ بەرپرسانی شارەکەدا کردووە و رایگەیاندووە ئامادەن هێزی زیاتری پۆلیسی فیدراڵی رەوانەی نیوئۆرلینز بکەن بۆ پاراستنی شارەکە.
هەروەها، ئەلیتا دانکان، ئەفسەری ئێف بی ئای و سەرپەرشتیاری لێکۆڵینەوەکان لەو رووداوە، رایگەیاند بێجگە لە لێکۆڵینەوە لە هێرشکارەکە و هۆکاری هێرشەکەی، ئەفسەرەکانیان، مینێکی چێنراویشیان لە شوێنی رووداوەکە دا دۆزیوەتەوە.
بەگوێرەی ئێف بی ئای، ئەو ئۆتۆمبێلەی هێرشەکەی پێکراوە، تابلۆکەی ویلایەتی تێکساس بووە، ئۆتۆمبێلەکە ئاڵایەکی داعشی تێدا بووە، بەڵام تائێستا ئێف بی ئای پێیوایە هێرشکارەکە بەتەنیا ئەو کارەی کردووە و پێناچێت کەسی دیکەی لەگەڵ دا بووبێت.
ئەو ناوچەیەی هێرشەکەی تێدا کراوە، بەوە ناسراوە شوێنێکی قەرەباڵخە و ژمارەیەکی زۆر رێستۆرانت و باڕی شەوانەی تێدایە، لە شەوانی بۆنەکاندا زۆر خەڵک سەردانی ئەو ناوچەیە دەکەن.
لە کاتی پشوو و بۆنەکانیشدا، شاری نیویۆرلینز یەکێکە لەو شارانەی ئەمریکا، کە ساڵانە زۆرترین گەشتیار رووی تێدەکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵ تروس، پەیامێکی بڵاوکردەوە و هێرشەکەی بە پرسی کۆچبەری نایاسایی بەستەوە، رایگەیاند "رامگەیاند ئەو تاوانبارانەی دێنە وڵاتەکەمانەوە، زۆر خراپترن لەو تاوانبارانەی خۆمان هەمانن، وا دەردەکەوێت ئەو قسەیەشم راست بێت."
ترەمپ لە درێژەی پەیامەکەیدا دەڵێت "بەهەموو شێوەیەک پشتگیریی لە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی نیوئۆرلینز دەکەم" و، هێرشەکەشی بە "کردەوەیەکی تەواو خراپەکار." ناوبرد.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، دووان لە بریندارەکانی هێرشەکەی نیوئۆرلینز ئیسرائیلی بوون.
ئەم رووداوەی ئەمریکا تەنیا 11 رۆژ لەدوای هێرشێکی هاوشێوە دێت کە لە 20ـی کانوونی یەکەم لە شاری ماگدێبورگی ئەڵمانیا کرا، تێیدا کەسێکی بەڕەچەڵەک سعودی بە ئۆتۆمبێل و بەخێراییەکی زۆرەوە خۆی بەنێو خەڵکدا دا، لە ئەنجامدا 5 کەس کوژران و 235 کەسی دیکەشی بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ