رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، سزایان خستووەتە سەر دوو دامەزراوەی رووسی و ئێرانی و بەوە تۆمەتباریان دەکات کە دەستوەردانیان لە هەڵبژاردنی ئەمریکا کردووە.
برۆدلی سمس، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بواری هەواڵگریی دارایی بەوەکالەت رایگەیاند: "حکومەتەکانی ئێران و رووسیا پرۆسە و دامەزراوەکانی هەڵبژاردنی ئێمەیان کردە ئامانج و هەوڵیان دا لە رێگەی هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروستەوە گەلی ئەمریکا دابەش بکەن."
ئەو ناوەندانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە ئامانجی گرتوون بریتین لە "ناوەندی داهێنان بۆ زانست و ژیریی دەستکرد" کە ناوەندێکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە، لەگەڵ "ناوەندی شارەزایانی جیۆپۆلەتیکی" کە رووسییە و بارەگاکەی لە مۆسکۆیە.
بە گوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، هەردوو ناوەندەکە هەوڵیانداوە "گرژیی کۆمەڵایەتی و سیاسی دروست بکەن و کاریگەری لەسەر دەنگدەرانی ئەمریکا دروست بکەن."
وەک وەزارەتی گەنجینە ئاماژەی پێ دەکات، هەوڵیان داوە لە رێگەی دروستکردنی گرتە ڤیدیۆی نادروست و بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروستەوە لەسەر بەربژێرەکان هەڵبژاردنی 2024 تێکبدەن.
سەرەتای ساڵی رابردوو، حکومەتی ئەمریکا بەرپرسانی ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵ دەدەن متمانەی ئەمریکییەکان بە دەزگا دیموکراسییەکانی ئەو وڵاتە کەم بکەنەوە.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە 5ـی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو و تێیدا دۆناڵد ترەمپی بەربژێرێکی کۆمارییەکان توانی بە بەدەستهێنانی 312 کۆمەڵەی هەڵبژاردن، هەڵبژاردنەکە لە کامالا هاریسی بەربژێری دیموکراتەکان بباتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ