رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا، رایگەیاند مۆسکۆ لە ساڵی نوێدا هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئۆکراینا چڕتر دەکاتەوە، ئەمەش لەدوای زنجیرە هێرشێکی ئۆکراینا لە دوا رۆژەکانی ساڵی رابردوو، کە شاری بێلگۆرۆدی لە باکووری رۆژئاوای رووسیای کردە ئامانج.
رۆژی دووشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2024، لە یەکەم پەیامیدا لە ساڵی 2024دا، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە ساڵی نوێدا پلانی هەیە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ئۆکراینا فراوانتر بکات و گوتی: "دەست دەکەین بە چڕکردنەوەی هێرشەکان، لەبەرئەوەی هیچ تاوانێک دژی سڤیل بێ سزا تێناپەڕێت، بێگومان بن لەوە. لە ئەمڕۆوە ئەو کارە دەکەین و سبەینێش بەردەوام دەبین".
پووتین ئەو قسانەی لە کاتی سەردانیکردنی نەخۆشخانەیەکی سەربازی لە مۆسکۆی پایتەخت بۆ رۆژنامەڤانان کرد و باسی لەو جەنگە کرد کە نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە.
رۆژی شەممە، 30ی کانوونی یەکەمی 2023، ئۆکراینا شاری بێلگۆردی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا 24 کەس کوژران و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون، دوای ئەمەش رووسیا زنجیرەیەک هێرشی کردە سەر ژمارەیەک شاری ئۆکراینا.
پووتین هێرشەکانی ئۆکراینای بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای رووسیا بە هێرشی "تیرۆرستی" ناوبرد و رایگەیاند، ئۆکراینییەکان "ناوەندی شارەکانیان کردووەتە ئامانج لەوکاتەی خەڵک هەموویان لە دەرەوە بوون و ئامادەکارییان بۆ ساڵی نوێ دەکرد".
هەروەها لە لێدوانە نوێیەکەیدا، سەرۆکی رووسیا، جارێکی دیکە ئۆکراینای تۆمەتبار کرد بەوەی لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە بەکاردەهێنرێن بۆ "یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان" لەگەڵ رووسیا.
لە 24ی شوباتی 2022، رووسیا هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا دەستپێکرد، بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو جەنگە 22 مانگییەدا، زیاتر لە 10 هەزار سڤیلی ئۆکراینی کوژراون.
بە مەزەندەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو، ئەو جەنگە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 100 هەزار سەربازی ئۆکراینی و لە بەرامبەریشدا لانیکەم 120 هەزار سەربازی رووسی و چەکداری ڤاگنەری رووسی لە ئۆکراینا کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ