بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.5 پلەی رێختەر کەنارەکانی رۆژئاوای ژاپۆنی هەژاند

رووداو دیجیتاڵ

بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە رۆژئاوای ژاپۆنی دا و حکومەتی ئەو وڵاتە هۆشداری لە دروستبوونی تسۆنامی دەدات.
 
ئاژانسی رووپێویی جیۆلۆجیی ئەمریکا دەڵێت، بوومەلەرزەکە بە گوڕی 7.4 پلە بووە بە پێوەری رێختەر، هەندێ سەرچاوەی دیکە بە 7.5 پلە تۆماریان کردووە. 
 
بوومەلەرزەکە کاژێر 10:10 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر (دووشەممە، 1-1-2024)، لە قووڵایی 10 کیلۆمەتر و چەقەکەی لە شاری ناناو-ی پارێزگەی ئیشیکاوا بووە. 
 
میدیای فەرمیی ژاپۆن هۆشداریی دا بەهۆی مەترسیی دروستبوونی تسۆنامی، کە بریتییە لە دیاردەی بەرزبوونەوەی شەپۆلەکانی دەریا بۆ نێو شارەکان "پێویستە هەموو دانیشتووان شوێنەکانیان چۆڵبکەن و بچنە شوێنە بەرزەکانەوە."
 
ئاژانسی رووپێویی جیۆلۆجیی ئەمریکاش پشتڕاستیدەکاتەوە تاوەکو دووری 300 کیلۆمەتر لە چەقی بوومەلەرزەکەوە، بە درێژایی کەناراوەکانی ژاپۆن مەترسیی دروستبوونی شەپۆلی تسۆنامی هەیە.
 
ژاپۆن هێشتا برینی تسۆنامییەکەی ساڵی 2011 لە بیرنەکردووە، کاتێک لە 11ـی ئاداری ئەو ساڵە، بوومەلەرزەیەکی 9 پلەیی بووە هۆی هەڵگەڕانی شەپۆڵەکانی زەریای هێمن بەسەر شارەکانیدا، لە ئەنجامدا 17 هەزار و 759 کەس گیانیان لەدەستدا.