چیرۆكی كەسایەتییەكان لەگەڵ نەخۆشیی دڵ

روواو- هەولێر

جەڵتە كلینتنی كرد بە رووەكخۆر

لە شوباتی 2011 دا بێڵ كلینتن، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا دوای ئەوەی تووشی ئازاری سنگ هات، دەركەوت بەهۆی جەڵتەی دڵەوە ئەو ئازارەی هەبووە و دوو ستێنت لە بۆرییەكانی خوێنی دڵیدا دانران. پێشتر و لە ساڵی 2004 نەشتەرگەری چاندنی چوار بۆری خوێنی بۆ ئەنجامدرا. ساڵی 2005یش جارێكی دیكە بۆ چارەسەری بۆرییەكانی خوێنی دڵی، داخڵی نەخۆشخانە كرایەوە.

كەناڵی cnn دەڵێت ئێستا كلینتن ئەوەندەی نەماوە بەتەواوی ببێتە مرۆڤێكی گیاخۆر و لە بری گۆشت و هێلكە و شیر، خووی داوەتە خواردنی میوە و سەوزە و پاقلەمەنییەكان. كلینتن بە كەناڵەكەی گوتبوو "بەختم هەبوو جەڵتەی دڵ نەیكوشتم".

دیك چینی دڵی دەستكردی هەیە

دوای ئەوەی پێنج جار جەڵتە لێیدا، لە كانوونی دووەمی 2011 دا دڵێكی دەستكرد بۆ دیك چینی، جێگری سەرۆكی ئەمریكا دانرا. لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی USA Today گوتبووی "ئەو ئامێرە منی لە پەككەوتنی تەواوەتی دڵ پاراست". چینی گوتبووشی "چواردە مانگ لەمەوبەر تەندروستیم زۆر خراپ بوو، بەڵام دوای دانانی ئەو ئامێرە گەڕاومەتەوە بۆ ژیانێكی نیمچە ئاسایی، راو دەكەم، دەچمە گەشت، كتێب دەنووسم، راوەماسیش دەكەم". یەكەم جەڵتە لە ساڵی 1978 لە دیك چینی دا كە ئەوكات تەمەنی37 ساڵ بوو.

جۆرج بووش 95 %ی بۆرییەكی دڵی گیرابوو

مانگی ئابی ساڵی رابردوو بە مەبەستی دانانی ستێنتێك، جۆرج بووشی كوڕ لە تەمەنی 67 ساڵیدا داخڵی نەخۆشخانە كرا و دەركەوت باری تەندروستیی لەوە خراپترە كە چاوەڕوان دەكرا، چونكە 95%ی بۆڕییەكی سەرەكی دڵی گیرابوو، مەترسی لەسەر ژیانی هەبوو.

جۆرج بووش نیشانەی جەڵتەی دڵی نەبوو، بەڵام وەك رۆتین و ئەنجامدانی پشكنینی پێشوەختە دەركەوت تەسكبوونەوەیەكی مەترسیداری بۆری خوێنی دڵی هەیە و بەرلەوەی جەڵتە لێیبدات، چارەسەر كرا.

د.كیڤن كامپڵ پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ لە زانكۆی كارۆلاینای باكوور بە فۆكس نیوزی گوتبوو "ئەم حاڵەتەی بەڕێز بووش بۆمان دەردەخات چۆن پشكنینی پێشوەختە دەتوانێت ژیانی كەسێك بپارێزێت".