رووداو دیجیتاڵ
لەسەرەتاکانی ساڵی 2024دا، راکەری باشوور ئەفریقی ئۆسکار پیستۆریۆس کە لە جیهاندا بەبەکارهێنانی پەلی دەستکرد ناسراوە لە ئۆڵیمپیادی 2024، لە بەندیخانە ئازاکرا، پاشئەوەی نزیکەی دە ساڵی تێدا بەسەربرد بەهۆی دۆسێی کوشتنی ریڤا ستینکامپی کچە هاوڕێیەوە.
لە سەرەتاکانی ساڵدا، فرانس بیکنباوەری ئەفسانەی تۆپی پێی ئەڵمانیا، لە تەمەنی 78 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. بیکنباوەر پێشەوایەتیی هەڵبژاردەی ئەڵمانیای رۆژئاوایکرد بۆ بردنەوەی نازناوی مۆندیالی 1974 وەک یاریزان و 1990 وەک راهێنەر.
یانەی رۆما، جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پۆرتوگالی لە مەشقدانی یانەکە دوورخستەوە، پاشئەوەی نزیکەی دوو وەرز و نیو ئەو راهێنەرە لە یانەکە مایەوە. مۆرینیۆ لە وەرزی یەکەمیدا لەگەڵ یانەی رۆما، پێشەوایەتیی تیپەکەی پایتەختی ئیتاڵیای کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی کۆنفرانسلیگ و دووەمی خولی یۆرۆپالیگ لە وەرزی دووەمی کارکردنی لەگەڵ ئەو یانەیە. رۆما لە شوێنی مۆرینیۆ، دانیێلی دی رۆسی بەڕاهێنەری یانەکە دەستنیشانکرد.
لە مانگەکانی سەرەتای ساڵدا، یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول رایگەیاند، لە کۆتایی وەرزی 2023 - 2024 یانەکە بەجێدەهێڵێت، ئاماژەی بەوەدا کە هەست بەماندووێتییەکی زۆر دەکات، پاش گەشتێکی درێژ لەگەل یانەکە کە تێیدا نازناوەکانی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا.
ئارێنا سابالێنکای بێلاڕووسی، نازناوی تێنسی کراوەی ئوسترالیای بەدەستهێنا، پاش بردنەوەی لە یاریی کۆتاییدا لە چیوین جیانگی چینی بە دوو کۆمەڵەی بێبەرامبەر.
هەروەها یانیک سینێری ئیتاڵی، بووە یەکەم تێنسزانی ئیتاڵی نازناوی تێنسی کراوەی ئوسترالیا بباتەوە، پاش بردنەوەی لە دانیێل مێدڤێدێڤی رووسی لە یاریی کۆتایی بە پێنج کۆمەڵە. سینێر پێشتر نۆڤاک جۆکۆڤیچی لە قۆناخی پێشووی هەمان پاڵەوانێتی دەرکردبوو.
کامێلا ڤالیڤیا لە میدالیای زێڕی ئۆڵیمپیادی 2022 لە خلیسکانی سەربەفر بێبەشکرا، پاشئەوەی بەبەکارهێنانی وزەبەخش تۆمەتبارکرا.
لویس هاملتن، رایگەیاند لە کۆتایی 2024دا تیمی مێرسیدس بەجێدەهێڵێت و پەیوەندی بە تیمی فیرارییەوە دەکات بۆ پێشبڕکێکانی فۆرمۆلا وەن.
لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی ئەرجەنتینی، دووچاری گرژبوونی ماسوولکەکانی قاچی بوو و بەهۆیەوە لە بەشداریکردن لە یاریی دۆستانەی یانەی ئینتەرمەیامی لە هۆنگ کۆنگ بێبەشبوو، ئەوەش ناڕەزایەتی هاندەرانی لێکەوتەوە و داوای گێڕانەوەی پارەی بلیتی یارییەکەیان دەکرد.
هەڵبژاردەی قەتەر، بۆ دووەمجار لە مێژووی خۆیدا، نازناوی جامی ئاسیای بەدەستهێنا، پاشئەوەی لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بە 3 - 1 گۆڵ لە ئوردنی بردەوە. تیپەکە لەسەر پاسێکی سەرکراوە، بەشەقامەکانی دەوحەی پایتەختی وڵاتەکەدا گەڕان.
هەڵبژاردەی کۆتدیڤوار بۆ سێیەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەفریقیای بەدەستهێنا، پاش وەشانەکانی 1992 و 2015. کۆتدیڤوار لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەی 2024دا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە نایجیریای بردەوە. ئاهەنگەکانی بردنەوەی نازناوەکە لە شاری ئابیدجانی پایتەخت، تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی دواتر بەردەوامبوون.
راکەری کەنەدی، کیلڤن کیپتم لە تەمەنی 24 ساڵیدا و لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لەدەستدا، پاش چەند هەفتەیەکی کەم لە دانپێدانانی فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدانی نێودەوڵەتی بەژمارە پێوانەییەکەی ئەو راکەرە لە ماراسۆنی شیکاگۆی ساڵی 2023.
کاتیلین کلارک، یاریزانی باسکەی ئەمریکا، ژمارەی پێوانەیی مێژوویی بۆ تۆمارکردنی خاڵ لە خولی باسکەی زانکۆکانی ئەمریکا شکاند، پاشئەوەی 33 خاڵی لە یاریی تیپەکەی بەرامبەر میشیگان ولڤرینز تۆمارکرد.
دەستەی سەرپەرشتیاری خولی پرێمەرلیگی ئینگلتەرا، رەزامەندیدا لەسەر دەستەوارەی جیم راتکلیف بۆ کڕینەوەی 25 لەسەدی یانەی مانچێستەر یونایتد، بەوەش ئەو بزنسمانە کۆنترۆڵی کارگێڕیی یانەکەی کرد.
کریستیان هۆرنەری بەڕێوەبەری تیمی ریدبۆڵ، بێگوناح ناسێنرا لەهەر تۆمەتێک کە رووبەڕووی کرابووەوە لەبارەی بەدکرداری لە دوای لێکۆڵینەوەیەکی نێوخۆیی، کە بەهۆی دۆسێیەکەوە کرابووەوە کاتێک بۆ نزیکەی 200 کەس نێردرابوو لە پانکی فۆرمۆلا وەن لە کاتی تاقیکردنەوەکانی خەڵاتی گەورەی بەحرەین.
ماکس ڤیرستاپنی هۆڵەندی، پارێزگاریی لە نازناوی قۆناخی یەکەمی وەرز کرد، لە کاتێکدا سێرجیۆ پێرێز پلەی دووەمی بەدەستهێنا و کارلۆس ساینسی شۆفێری فێراری پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
سیمۆنا هالیپی تێنسزان، سزای سەری لە چوار ساڵ راگرتنەوە بۆ نۆ مانگ کەمکرایەوە، پاشئەوەی داوای تێهەڵچوونەوەی لە بڕیاری دژی کرد، پاشئەوەی بێبەشکرا لە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکان و ئەو یاریزانە جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ یارییکردن.
فرانچیسکۆ بانیانا، پاڵەوانی وەرزی پێشوو، نازناوی خەڵاتی گەورەی قەتەری بەدەستهێنا لە پێشبڕکێکانی فۆرمۆلا وەن و پێش براد بیندەری باشوور ئەفریقی و خۆرخی مارتنی ئیسپانی کەوت.
سکۆتی شیڤلەر، نازناوی پاڵەوانێتیی یاریزانانی بۆ گۆڵف بەدەستهێنا بۆ دووەم ساڵی لەسەریەک. رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە لە فلۆریدا بەڕێوەچوو.
هەڵبژاردەی ئێرلەندا، پارێزگاری لە نازناوی رەگبی جیهان کرد، پاش بردنەوەی لە هەڵبژاردەی سکۆتلەندا بە 17 بەرامبەر 13 خال.
ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەرازیلی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دەرکەوت و لە ژێر کاریگەریی ئەو سووکایەتییانەی پێی کرابوو لە یارییەکانی یانەی ریال مەدرید، دەستی بەگریان کرد. ڤینی چەندینجار رووبەڕووی رووداوی جیاوازی سووکایەتی رەگەزیی بووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ