رووداو دیجیتاڵ
ئالێکسی بۆگایێڤ، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی رووسیا لە جەنگی ئۆکراینادا کوژرا.
ئیڤان بۆگایێڤی باوکی ئەو یاریزانە بەمیدیای رووسیای راگەیاندووە، کوڕەکەی کە پێشتر لە بەندیخانەبووە و پاش هاتنە دەرەوە چووەتە بەرەکانی جەنگ، کوژراوە.
ئالێکسی لەلایەن دادگای رووسیاوە تۆمەتبارکرابوو بەبازرگانیکردن بەهۆشبەرەوە، هەر بۆیە سزای نۆ ساڵ بەندکردنی بۆ بڕابووەوە.
باوکی یاریزانەکە دەڵێ، "بەداخەوە هەواڵی کوژرانی کوڕەکەم راستە".
ئالێسکی لە مانگی دەی ساڵی 2023 بە 500 گرام میفیدرۆنەوە لە شاری سوچی لە باشووری رووسیا دەستگیرکرا، لەکاتێکدا دەیویست ئەو هۆشبەرە بفرۆشێتەوە.
دادگا بڕیاریدا ئەو یاریزانە بۆ ماوەیەکی درێژ بەندبکرێت. ئەگەرچی پارێزەری یاریزانەکە لەبەردەم دادگا گوتی کە پۆلیس بەڵگەکانی ساختەکردووە و ویستوویانە بڕی سێ ملیۆن رۆبل کە دەکاتە نزیکەی 30 هەزار دۆلاری وەک بەرتیل لێوەربگرن، بەڵام دادگا قسەکانی پارێزەرەکەی رەتکردەوە و بڕیاریدا بۆ ماوەی نۆ ساڵ بەندی بکات.
پاش چوونی بۆ بەندیخانە و بەسەربردنی ماوەیەک، ئەو یاریزانەی پێشوو، بڕیاریدا رووبکاتە کاری سەربازی، دوای ئەوەی حکومەتی رووسیا رایگەیاند رێگە بەچوونی تۆمەتباران و بەندکراوانی نێو بەندیخانەکان دەدات، بەهاتنە دەرەوە لە بەندیخانە بەو مەرجەی رووبکەنە بەرەکانی شەڕ لە ئۆکراینا.
حکومەتی رووسیا بەپێی یاسایەکی تایبەت، بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ ئەو بەندکراو و سزادراوانە دەرکرد کە دەچنە شەڕی ئۆکراینا و بەپێی یاساکە، کارایی ئەوان لە جەنگەکەدا، دەکرێ ببێتە هۆکار بۆ لێخۆشبوونی یەکجاری و هەڵگرتنی سزاکانی سەریان.
پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی ئەو بڕیارەی حکومەتی رووسیا وەستابووەوە، وایدانابوو بەسەربازکردنی تاوانباران، دەکرێ وەک تاوانێکی جەنگ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
بۆگایێڤی 43 ساڵ، پێشتر لە یانەکانی تۆربیدۆ مۆسکۆ، تۆم، خیمکی، کراسنۆدار و لوکۆمۆتیڤ مۆسکۆ یارییکردووە و جامی سوپەری رووسیای بەدەستهێناوە.
بۆگایێڤ، هەروەها حەوت یاریی بۆ هەڵبژاردەی رووسیا ئەنجامدابوو، کە دواترینیان یاریی بوو بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە 2005 و لە 2010 ئەو یاریزانە بەیەکجاری وازی لە یارییکردن هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ