رووداو دیجیتاڵ
گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی لەگەڵ یانەکە بەرەو کۆتایی دەچێت و دیارنییە یاریزانەکە لەگەڵ یانەکەی بەردەوام دەبێت یان نا.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕ لە هاوینی 2025 کۆتاییدێت، یانە سعودییەکە دەیەوێت گرێبەستی یاریزانەکە نوێبکاتەوە، بەڵام هێشتا رۆناڵدۆ بڕیاری خۆی بەتەواوی نەداوە، ماڵپەری مایس فۆتبووڵی پۆرتوگالی و برونۆ ئاندرادێ، رۆژنامەڤانی بەرازیلیش لە بارەی داهاتووی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە دەڵێن "بەردەوامبوونی کریستیانۆ لەگەڵ یانەی نەسڕ گەرەنتی نەکراوە."
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، لایەنی دارایی هۆکار نییە بۆ رازیکردنی کریستیانۆ بۆ مانەوە لەگەڵ یانەکە، بەڵکو ئامانجی سەرەکی رۆناڵدۆ ئەوەیە لە وەرزی داهاتوودا لە یانەیەک یاریی بکات رکابەری لەسەر هەموو پاڵەوانێتییە سەرەکییەکان بکات، کە نزیکەکانی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە ئەمەیان ئاشکراکردووە.
لە کاتی چوونی رۆناڵدۆ بۆ سعودیە، زۆرترین مووچە درایە ئەو یاریزانە، بەڵام دوای ئەوەی هیلال گرێبەستی لەگەڵ نەیمار واژۆکرد، کریستیانۆ رۆناڵدۆ چووە پلەی دووەم، بەڵام هەر زوو کارگێڕیی یانەی نەسڕ دەستکاریی مووچەی ئەستێرە پۆرتوگالییەکەی کرد و رۆناڵدۆ چووەوە پلەی یەکەمی خاوەنی بەرزترین مووچە لە خولی سعودیدا.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، تاوەکو ئێستا لەگەڵ یانەی نەسڕ هیچ نازناوێکی فەرمیی نەبردووەتەوە و تەنیا نازناوی جامی شا سەلمانی بەدەستهێناوە کە پاڵەوانێتییەکی دۆستانەیە، ئەمە بووەتە هۆکاری ئەوەیە یاریزانەکە لە ئاستی تیپەکەی ناڕازی بێت.
لەلایەن خۆیەوە رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەڵێت "کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە سعودیە هەست بە ئاسوودەیی دەکات و بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی بەدەستهێنانی نازناوێکی نوێ دەکات لە ژیانی وەرزشیدا، بەڵام ئامادەیە بیر لە بژاردەکانی دیکەش بکاتەوە."
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەبارەی داهاتووی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسڕ لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا ناوی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بە یانەی هیلال بەسترایەوە، کە گوایە یانەکە دەیەوێت بۆ بەشداریکردنێکی زۆرباش لە جامی جیهانی یانەکاندا کە لە هاوینی 2025 بەڕێوەدەچێت، گرێبەست لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمی لەو بارەیەوە نییە، بەڵام لە ئەگەری رازیبوونی یانەی هیلال، ئەگەری هەیە رۆناڵدۆ بیر لە پەیوەندیکردن بەو یانەیەوە بکات بۆ ئەوەی بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا بکات، بەتایبەت کە ئینتەرمەیامی و لیۆنێل مێسیش بەشداری لەو رکابەرییە جیهانییەدا دەکەن و زۆرینەی یانە بەنێوبانگەکان لەسەر ئاستی جیهان تێیدا بەشداردەبن.
یانەی نەسڕ بەر لە دەستپێکردنەوەی رکابەرییەکانی خولەکە، کە بەهۆی جامی کەنداوەوە راگیراوە، لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەیە و 11 خاڵ لە یانەی ئیتیحادی خاوەنی پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەوە دوورە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ