ڤیدیۆ؛ پانۆرامای رووداوە وەرزشییەکانی ساڵی 2023
ئا: ئیحسان تاهیر ــ ئاسوودە پێشەوا
ساڵی 2023 پڕبوو لە رووداوی وەرزشیی، بۆ هەندێک تیپ و وەرزشوان ساڵی سەرکەوتن و بەدەستهێنانی نازناو و نووسینەوەی مێژوو بوو، بۆ هەندێکیشیان ساڵی نوشوستی و شکست بوو. هەندێکیان دەرکەوتن و لە دەرگای ئەستێرایەتییان دا، هەندێکیان دەرگای کاروانی وەرزشییان داخست و وازیانهینا، هەندێکیان مردن و جیهانی وەرزش و دونیاشیان بەیەکجاری جێهێشت. هەندێک روودای دڵتەزین و کارەساتئامێزیش بەشێک بوون لە دیمەنی گشتیی وەرزش لە 2023.
3/1/2023 کریستیانۆ رۆناڵدۆ پەیوەندی بە یانەی نەسڕی سعودییەوە کرد.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یاریزانی یانەی نەسڕ، ئەو رۆژە گوتی "باشە، ئەوەی دەمەوێت بەدەستیبهێنم، ئەوەیە کە خەڵک دڵخۆش بکەم، چێژ وەربگرم، یارمەتی وڵاتەکە بدەم باشتر و باشتر و باشتر بێت، هەرچەندە خەڵکی ئەوە نازانن، بەڵام ئەم خولە پڕە لە رکابەری - من دەمەوێت خەڵک دڵخۆش بکەم، ئەمە ئامانجی منە".
لە 3/1/2023 پێلێ، ئەفسانەی بەرازیل لە شارەکەی خۆی لە سانتۆس نێژرا.
لە 9/1/2023 گاریس بەیڵ وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند.
لە 11/2/2023 یانەی ریال مەدرید لە یاریی کۆتایی مۆندیالی یانەکاندا لە هیلالی بردەوە.
لە 13/2/2023 پاتریك ماهۆمز سەرکردایەتی کانزس سیتی چیفسی کرد بۆ بردنەوەی پاڵەوانێتی سوپەر بۆوڵ.
پاتریك ماهۆمز، یاریزانی یانەی کانزس سیتی چیفس، ئەوکات گوتی "هەموو شتێک کە کارمان بۆ کردووە لەپێناو ئەم ساتەدایە. دەبێت چێژ لەم ساتەوەختە وەربگریت. نابێت رێگە بدەیت ئەم کاتە بەسەرتدا تێپەڕێت. پێموایە کوڕەکان لە گێمی دووەمدا ئەوەیان کرد و تا کۆتایی لە پێناو بردنەوە جەنگان، ئەم کوڕانە لە یاریگەدا هەموو شتێکیان پێشكێش کرد".
لە 16/3/2023 جیانی ئینفانتینۆ وەك سەرۆکی فیفا بۆ خولی دووەم هەڵبژێردرا.
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، گوتی "بەڕاستی بە پشتگیرییەکانتان کاریگەر بووم و بەڵێنتان پێدەدەم کە بەردەوام دەبم لە خزمەتکردنی فیفا، لە خزمەتکردنی تۆپی پێ لە سەرانسەری جیهان و لە خزمەتکردنی سەرجەم 211 ئەندامەکەی فیفا".
لە 4/5/2023 دوای 33 ساڵ ناپۆلی نازناوی سێریا ئەی بەدەستهێنا.
لە 15/5/2023 دوای چوار ساڵ بارسێلۆنا نازناوی لالیگای بردەوە.
لە 18/5/2023 رافایێل نادال وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند.
رافایێل نادال، یاریزانی تێنسی سەر زەوی، گوتی "ئامانجم ئەوەیە بوەستم بۆ ئەوەی دەرفەتێک بە خۆم بدەم تاکو چێژ لە ساڵی داهاتوو وەربگرم، لەوانەیە ئەوە لە گەشتە پیشەگەرییەکەمدا دوایین ساڵ بێت".
لە 28/5/2023 بۆ 11ـمین ساڵ لەسەریەك بایرن میونشن نازناوی بوندێسلیگای بەدەستهێنا.
لە 29/5/2023 ماوریسیۆ پۆچیتینۆ وەک راهێنەری یانەی چێڵسی دەستنیشانکرا.
لە 31/5/2023 سێڤییا لە رۆمای بردەوە و بۆ حەوتەمین جار بووە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ.
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی رۆما، ئەوکات گوتی "ئانتۆنی تایلۆر ناوبژیوانێکی زۆر باشە، بۆیە هیوادەخوازم تەنیا یارییەکانی چامپیۆنزلیگ بەڕێوەببات بۆ ئەوەی لە یۆرۆپالیگ ئەو هەڵە گەمژانەیە دووبارە نەکاتەوە".
لە 5/6/2023 زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند.
لە 13/6/2023 دێنڤەر نەگێتس بۆ یەکەمین جار لە مێژوویدا نازناوی ئێن بی ئەی بردەوە.
لە 6/6/2023 ئانج پۆستیکۆگلو وەك راهێنەری یانەی تۆتێنهام دەستنیشانکرا.
لە 7/6/2023 یانەی وێست هام لە فیۆرێنتینای بردەوە و نازناوی کۆنفرانس لیگی بردەوە.
لە 10/6/2023 مانچێستەر سیتی بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆیدا نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا.
پێپ گواردیۆلا راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، گوتی "پێموایە ئەم یارییە کۆتاییە لە چارەنووسماندا نووسرابوو، سەرەڕای ئەوەی زۆر دڵخۆشم، ئەوان دەیانتوانی لە کۆتاییەکاندا گۆڵ تۆماربکەن، دواتریش یارییەکە دەچووە گێمی زیادکراو و لەوانەیە یارییەکەمان دۆڕاندبایە".
لە 18/6/2023 هەڵبژاردەی ئیسپانیا نازناوی نەیشنسلیگی بردەوە.
لە 5/7/2023 لویس ئینریکێ وەک راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان دەستنیشانکرا.
لە 15/7/2023 لیۆنێل مێسی پەیوەندی بە یانەی ئینتەر مەیامی کرد.
لە 28/7/2023 یانەی یوڤێنتۆس بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی یاریی خاوێن لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان دوورخرایەوە.
لە 20/8/2023 هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا لە ئینگلتەرای بردەوە و بۆ یەکەمین جار نازناوی مۆندیالی بەدەستهێنا.
ئیڤانا ئاندرێس، کاپتنی هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا، گوتی "سوپاستان دەکەم، سوپاس بۆ پشتگیرییەکانتان و بۆ خۆشەویستیتان، سوپاس، ئەمە بۆ ئێوەیە".
لە 12/8/2023 هاری کەین پەیوەندی بە یانەی بایرن میونشن کرد.
هاری کەین، یاریزانی یانەی بایرن میونشن، رایگەیاند " بەدڵنیاییەوە بڕیارێکی قورسبوو کە تۆتێنهامم بەجێهێشت، من ماوەی 19 ساڵ لەو یانەیەدا بووم و هەموو کەس دەزانێت تۆتێنهام بە دڵمەوە بەستراوەتەوە، بەڵام من یاریزانێکی پیشەگەرم و هەمیشە هەوڵمداوە باشترین بڕیاربدەم و پێموایە ئەوە کاتێکی گونجاوبوو بۆ ئەوەی پەیوەندی بە بایرنەوە بکەم".
لە 15/8/2023 نەیمار پەیوەندی بە یانەی هیلالی سعودییەوە کرد.
نەیمار، یاریزانی یانەی هیلال، گوتی "من هاتوومەتە باشترین یانەی سعودیە، هیوادارم بتوانم ببمە بەشێك لە مێژووی ئەم یانەیە و زۆر نازناو ببەمەوە".
لە 10/9/2023 ئەڵمانیا لە سڕبیای بردەوە و نازناوی مۆندیالی باسکەی بەدەستهێنا.
لە 28/10/2023 ئەفریقیای باشوور بۆ چوارەمین جار نازناوی مۆندیالی رەگبی بەدەستهێنا.
لە 4/10/2023 مەغریب، پۆرتوگال و ئیسپانیا میواندارێتیکردنی مۆندیالی 2030ـیان وەرگرت.
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، گوتی "لە ساڵی 2030، ئێمە شوێنپێیەکی ناوازە و جیهانیمان دەبێت. سێ کیشوەر: ئەفریقیا، ئەوروپا، ئەمریکای باشوور، شەش وڵات: ئەرجەنتین، مەغریب، پاراگوای، پۆرتوگال، ئیسپانیا و ئۆرۆگوای جیهان یەکدەخەن کاتێك بۆ 100ـەمین جار پێشوازی لە مۆندیال دەکەین و چێژ لە یارییە جوانەکە وەردەگرین".
لە 7/10/2023 ماکس ڤێرستاپن بۆ سێیەمین جار لەسەریەك نازناوی فۆرمیولا وەنی بردەوە.
لە 10/10/2023 ئیدن هازارد وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند.
لە 21/10/2023 ئەفسانەی ئینگلیزی بۆبی چارڵتن کۆچی دوایی کرد.
لە 26/10/2023 نیکۆلۆ فاگیۆلی و ساندرۆ تۆنالی بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی گرەوکردنەوە لە یاریکردن سڕکران.
لە 30/10/2023 لیۆنێل مێسی و ئایتانا بۆنماتی بە براوەی باڵۆن دۆر دەستنیشانکران.
لیۆنێل مێسی، یاریزانی یانەی ئینتەرمەیامی، گوتی "دوایین دوو خەڵاتی باڵۆندۆرم تایبەتن چونکە بەهۆی سەرکەوتن لەگەڵ هەڵبژاردەکەمەوە بەدەستمهێناون، کە ئەمە شتێکە بە درێژایی ژیانی وەرزشیم نەمتوانیوە بەدەستی بهێنم، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە گۆڕانکاری بەسەردا هات و ئەمەیان بەهۆی بردنەوەی مۆندیالەوە بەدەستم هێنا".
لە 31/10/2023 سعودیە میوانداریکردنی مۆندیالی 2034ـی وەرگرت.
یاسر ئەل میسحەل، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە، دەڵێت "پێموایە جیهان ئەو جۆش و خرۆشەی هاندەرانمانی بینی لە مۆندیالی 2022، ئەو سۆز و وزە و دەنگە کە پێموایە منداڵان لە سعودیە خەونی پێوەدەبینن. ئێمە بەشداریمان لە دوایین شەش مۆندیالدا کردووە، بۆیە بەشداریکردنمان لە مۆندیالێکی دیکە لە خاکی خۆمان لە 2034 لە پێش هاندەرانمان باوەڕپێنەکراو دەبێت".
لە 1/11/2023 تێکساس رێینجەرز لە ئاریزۆنا دایمندباکسی بردەوە نازناوی زنجیرە جیهانییەکانی یاریی بەیسبۆڵی بەدەستهێنا.
لە 19/11/2023 ئوسترالیا شەشەم نازناوی مۆندیالی یاریی کریکێتی بردەوە.
لە 4/11/2023 یانەی فلومینێنزی لە بۆکا جونیۆرزی بردەوە و بۆ یەکەمین جار نازناوی کۆپا لیبەرتادۆرێسی بەدەسهێنا.
لە 19/11/2023 نۆڤاک جۆکۆڤیچ بۆ حەوتەمین جار نازناوی ئەی تی پی بەدەستهێنا.