شۆک.. ئەستێرەیەکی ریال مەدرید دوو مانگی وەرزی داهاتووش ناگەڕێتەوە

31-12-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن داڤید ئالابا ریال مەدرید پێکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەیڤد ئالابا، یاریزانی نەمسایی، بەرگریکاری یانەی ریال مەدرید، بۆ یەکەمجار قسەی کرد، دوای ئەوەی تووشی پچڕانی خاچەبەستەری ئەژنۆی بوو، ئەمەش وایلێدەکات تاوەکو کۆتایی وەرز، لانیکەم لە یاریکردن دوور بکەوێتەوە.
 
ئالابا لە رێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام، نووسیویەتی "کاتێکم پێچوو تاوەکو تێگەیشتم لەوەی چی روویداوە، لە ژیانی پیشەیی خۆمدا رووبەڕووی هەندێک ئاڵنگاری بوومەوە، بەڵام لەوانەیە ئەمە یەکێک بێت لە قورسترینەکان".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڵام نەک تەنیا ئەم ئاڵنگارییە قبوڵ ناکەم، بەڵکو رووبەڕووی دەبمەوە و دەگەمە لووتکەی ئەو شاخە.
 
یاریزانە نەمساییەکە لە کۆتایی پەیامەکەیدا سوپاسی ئەو کەسانە دەکات کە پەیامی پشتیوانییان ناردووە، و دەڵێت "سوپاس بۆ ریال مەدرید و هاوڕێکانم و خێزانەکەم و هەموو لایەک بۆ خۆشەویستی و پاڵپشتییان".
 
ئەو قسانەی ئالابا دوای ئەوە هاتن کە رۆژنامەڤان رامۆن ئەلڤارێز چەند زانیارییەکی لەسەر پێکانەکەی یاریزانەکە، لە رێگەی هەژمارەکەیەوە لەسەر پلاتفۆرمی "X"، بڵاویکردەوە، کە گوتبووی "جگە لە پچڕانی خاچەبەستەری ئەژنۆ، پێکانەکەی ئالابا کاریگەری لەسەر کڕکڕاگەی ئەژنۆشی هەبووە".
 
رۆژنامەڤانەکە ئاماژەی بەوەشکردووە "بۆ هەوڵدان بۆ دووبارە دروستکردنەوەی ئێسقانەکان، هەندێک کونی بچووک لە ئێسکەکانی دروستکراون بۆ ئەوەی یارمەتی خوێن بدەن بگاتە شانەکان. ئەمەش چاکبوونەوەکە کەمێک دوادەخات، بەڵام زۆر باشترە".
 
چاوەڕوانییە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە ئەگەری هەیە لە سەرەتای وەرزی داهاتوودا ئالابا ئامادەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەم پاشەکشە نوێیەدا هەموو شتێک ئاماژە بەوە دەکات کە ماوەی چاکبوونەوەی نزیک دەبێتەوە لە 10 مانگ، ئەمەش مانای وایە دوو مانگی یەکەمی رکابەرییەکانی وەرزی داهاتووش بەشداری ناکات و دوای ئەوەش خۆی دەبێت وردە وردە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پیکانەکەی دووبارە نەبێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە