ڤیدیۆ؛ کریستیانۆ رۆناڵدۆ.. کاروانێکی ئەفسانەیی کە کۆتاییەکەی لە سعودیە دەنووسێتەوە

31-12-2022
ئیحسان تاهیر
Photo by AL NASSR FOOTBALL CLUB / AFP
Photo by AL NASSR FOOTBALL CLUB / AFP
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ یانەی نەسر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە تەمەنی 37 ساڵیدا گەشتی کۆتامەترەکانی ژیانی ئەفسانەیی خۆی دەستپێکرد، دوای ئەوەی بڕیاریدا پەیوەندی بە یانەی نەسری سعودییەوە بکات، بە گرێبەستێکی خەیاڵی کە ئاڵنگاری نوێ و سوودی دارایی گەورەی لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت، کە بێگومان یانە سعودییەکەش دەکاتە یەکێک لەو یانانەی لەسەر ئاستی جیهانەوە زۆرترین تیشکی میدیایی بکەوێتە سەر.
 
یانەکەی ریازی پایتەخت، رایگەیاند کە گرێبەستێکی لەگەڵ 5 جار باشترین یاریزانی جیهان واژۆکردووە، کە تاوەکو ساڵی 2025 یاری بۆ ئەو یانەیە دەکات، بەرامبەر بە زیاتر لە 200 ملیۆن یۆرۆ، ئەمەش هەموو میدیای جیهانی بەخۆیەوە سەرقڵ کردووە.
 
رۆناڵدۆ بێ گوێدانە رەخنەی هەموو لایەک، کە پێیانوایە ئەو یاریزانە کۆتاییەکی ناشیاوی بۆ کاروان و مێژووەکەی هەڵبژاردووە، پێیوایە ئەم هەنگاوەیشی هەر ئاڵنگارییەکی نوێیە، ئەو دەڵێت "بە تامەزرۆییەوە خولێکی نوێی تۆپی پێ تاقیدەکەمەوە، لە وڵاتێکی جیاوازدا، ئەو دیدگایەی کە یانەی نەسر کاری پێدەکات زۆر ئیلهامبەخشە، من بەپەرۆشەوە پەیوەندی بە هاوکارەکانمەوە دەکەم، بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانین یارمەتی تیپەکەمان بدەین بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی زیاتر".
 
رۆناڵدۆ سوورە لەسەر ئەوەی کە خولی سعودیە خولێکی بەهێزە و دەکرێت لەوێشەوە سەرنجی جیهان بۆ خۆی و خولەکەش رابکێشێت، ئەو بەڵگە بە هەڵبژاردەی سعودیە دێنێتەوە و دەڵێت "بە سەیرکردنی ئاستی ئەم دواییەی هەڵبژاردەی سعودیە لە مۆندیالدا بۆمان دەردەکەوێت کە وڵاتێکە خاوەنی ئاواتێکی گەورەی تۆپی پێیە و توانایەکی زۆری هەیە، من بەختەوەرم کە هەموو ئەو شتانەم بردووەتەوە کە بەنیازم لە تۆپی پێی ئەوروپادا سەرکەوتن بەدەستبهێنم، ئێستاش هەست دەکەم ساتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی ئەزموونەکەم لە ئاسیادا جێبەجێبکەم".
 
سعودییەکان زۆر دڵخۆشن و شانازی بەوە دەکەن کە یەکێک لە گەورەترین یاریزانانی مێژووی تۆپی پێ لە خولی وڵاتەکەیاندا یاری دەکات، ئەوان پێیانوایە گرێبەستکردنیان لەگەڵ رۆناڵدۆ بۆ ئامانجی بردنەوەی یارییەک یان پاڵەوانێتییەک نییە، بەڵکو ئامانجی سەرەکییان گواستنەوەی ئەزموونی گەورە، ئاستی پیشەیی بەرز و ئیلهامە بۆ نەوەیەک کە خولیای وەرزشە". 
 
یانەی نەسر، یانەیەکی گەورەیە لەسەر ئاستی سعودیە و ئاسیاش، کە 9 جار پاڵەوانی خولی وڵاتەکەتە، ئێستا راهێنەرێکی ناسراوی وەک رودی گارسیای فەرەنسی سەرپەرشتی دەکات، بەڵام ئیدی بە هێنانی رۆناڵدۆ دەچێتە قۆناخ و ئاستێکی زۆر بەرزتر، ئیدی وەک یانە گەورەکانی جیهان حسابی بۆ دەکرێت. 
 
هەر چۆنێک بێت، ئەم گرێبەستە زیاتر لە نووسینی لاپەڕەیەکی مێژوویی نوێیە، چونکە رۆناڵدۆ دەتوانێت ئیلهام ببەخشێت و ئاستی بیرکردنەوەی سعودییەکان لە داهاتووی تۆپی پێ بباتە ئاستێکی زۆر بەرزتر.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە