سەرۆکی فیۆرێنتینا ناوبژیوانان بە یارمەتیدانی یوڤێنتوس تۆمەتباردەکات

رووداو دیجیتال

رۆکۆ کۆمیسۆ، سەرۆکی یانەی فیۆرێنتینای ئیتالی، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ناوبژیوانانی خولی ئیتالیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە یارمەتی یانەی یوڤێنتوس دەدەن.

ساڵی 2020 بۆ فیۆرێنتینا باش نەبوو، بەڵام بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر کۆتایی بە ساڵەکە هێنا، کاتێک لە دوایین یارییدا لە ساڵی 2020 بە ئەنجامی 3 گۆڵی بێبەرامبەر شکستی بە یوڤێنتوس هێنا.

رۆکۆ کۆمیسۆی سەرۆکی یانەی فیۆرێنتینا، باسی ئەو یارییە دەکات و دەڵێت "زۆر لەوە دەترسام ناوبژیوان دیارییەک پێشکەشی یوڤێنتوس بکات".

ئەو سەرۆک یانەیە، زیاتر باسی ئەو سەرکەوتنە گەورەیە دەکات و دەڵێت "لەگەڵ هاوژینەکەم سەیری یارییەکەم دەکرد، من تاوەکو گۆڵی سێیەممان تۆمارکرد دەترسام، چونکە دەمزانی زوو بێت یان درەنگ دەکرێت ناوبژیوان دیارییەک پێشکەشی یوڤێنتوس بکات".

سەرۆکی یانەی فیۆرێنتینای ئیتالی، بەشێوەیەکی گاڵتەجاڕانە باسی بەرپرسانی یوڤێنتوسیشی کرد و گوتی "پاڤێل نێدڤدم بینی لەسەر پەیژەکانی یاریگە بوو، زۆر تووڕەبوو، بینیم هەموو بەرپرسانی یوڤێ پێکەوە لەوێبوون، هەموو هەوڵێکیان دا، بەڵام هیچیان پێنەکرا".

رۆکۆ کۆمیسۆ دانی بەوەشدا نا کە یاریزانەکانی هەندێک تووندبوون بەرامبەر کیێزای هاوڕێی پێشوویان و بە گاڵتەوە گوتی "یاریزانەکانم لە کۆتایی یارییەکەدا هەندێک تووندبوون بەرامبەر کیێزا، بەڵام لەوانەیە هەوڵیان دابێت بەرگری لە یانەکەیان و سەرۆکەکەیان بکەن".