سوپای كۆلۆمبیا ده‌رگاكانی بۆ یاریزانێكی هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی ده‌كاته‌وه‌

رووداو ـ هه‌ولێر

سوپاسالاری كۆلۆمبیا رایگه‌یاند سوپای وڵاته‌كه‌م ئاماده‌یه‌ بۆ یارمه‌تیدانی خوان فێرناندۆ كوێنتێرۆ و خانه‌واده‌كه‌ی.

ئیدواردۆ زاباتێرۆی سوپاسالاری نوێی كۆلۆمبیا رایگه‌یاند له‌گه‌ڵ خوان فێرناندۆ كوێنتێرۆی یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی كۆلۆمبیا و یانه‌ی رێڤه‌ر پله‌یتی ئه‌رجه‌نتینی كۆده‌بێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی چاره‌نووسی باوكییه‌وه‌ قسه‌ بكه‌ن، كه‌ به‌ر له‌ 20 ساڵ بزربووه‌.

جه‌نه‌رال ئیدواردۆ زاباتێرۆ له‌ رێوڕه‌سمێكی سه‌ربازیدا رایگه‌یاند هه‌ست به‌ ئازاری خانه‌واده‌ی كوێنتێرۆ ده‌كات و حه‌زده‌كات له‌گه‌ڵ خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی كۆببێته‌وه‌ و باسی دواڕۆژه‌كانی باوكی بكات.

جیمی كوێنتێرۆی باوكی خوان كوێنتێرۆ دوایینجار له‌ ساڵی 1995 له‌ سه‌ربازگه‌یه‌كی شاری كاریبای كۆلۆمبی بینراوه‌.

به‌ قسه‌ی خزم و نزیكه‌كانی كوێنتێرۆ، جیمی كاتێك ونبوو ئه‌ركی سه‌ربازی به‌جێده‌گه‌یاند و به‌ر له‌وه‌ی ونبێت له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كه‌ی به‌شه‌ڕهاتووه‌، چونكه‌ ویستوویه‌تی بیگوازێته‌وه‌ بۆ سه‌ربازگه‌یه‌كی دیكه‌، كه‌ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ هه‌مان ئه‌و زاباتێرۆیه‌یه‌ كه‌ له‌م رۆژانه‌دا پله‌ی به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ و بووه‌ به‌ سوپاسالاری كۆلۆمبیا.

دوای ئه‌وه‌ی زاباتێرۆ بووه‌ سوپاسالاری كۆلۆمبیا، خزم و كه‌سوكارانی جیمی له‌ رێگه‌ی میدیاكانه‌وه‌ بێزاری و ناڕه‌زایه‌تی خۆیان به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی سه‌ربازی زاباتێرۆ نیشاندا، كه‌ پێیانوایه‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ له‌ ونبوونی باوكی كوێنتێرۆ، كه‌ تاوه‌كو ئێستاش وه‌ڵامی خانه‌واده‌كه‌ی جیمی نه‌داوه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كه‌.

خوان فێرناندۆ كوێنتێرۆ، كه‌ ئه‌وكاته‌ی باوكی ونبووه‌، ته‌مه‌نی ته‌نیا 2 ساڵان بووه‌، له‌ تویته‌ره‌كه‌ی داوایكردووه‌ چاوی به‌ زاباتێرۆ بكه‌وێت، چونكه‌ به‌ مافی خۆی ده‌زانێت راستی له‌باره‌ی رووداوی ونبوونی باوكی بزانێت.

زاباتێرۆ، كه‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ ونبوونی باوكی كوێنتێرۆوه‌ هه‌بێت، له‌ وه‌ڵامی ئه‌و یاریزانه‌دا گوتی "به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی دادگا نێوخۆییه‌كان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ تاوانه‌كه‌ له‌ لایه‌ن گرووپه‌ یاخیبووه‌كانی نێوخۆییه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌".

سوپاسالاری كۆلۆمبیا هه‌روه‌ها گوتی "من هاوبه‌شی خه‌م و ئازاره‌كانی خانه‌واده‌ی كوێنتێرۆم، ده‌مه‌وێ به‌ خوان فێرناندۆ كوێنتێرۆ بڵێم من زۆر رێزت لێده‌گرم، ئه‌و نموونه‌یه‌كی جوانه‌ له‌ تۆپی پێ، ده‌رگاكانی سه‌ركردایه‌تی سوپای كۆلۆمبیا هه‌میشه‌ كراوه‌ ده‌بن بۆ ئه‌و و خانه‌واده‌كه‌ی".