رووداو دێجیتاڵ
بێجگە لە رۆڵی کاریگەری هانزی فلیکی راهێنەر، دوو پیاوەی دیکەش لە پشت سەرکەوتنەکانی ئێستای بارسێلۆنان، خۆلیۆ تۆس راهێنەری توانای جەستەیی و مارکۆس سۆرگی یاریدەدەری یەکەمی فلیکە.
لە راپۆرتی رۆژنامە کەتەلۆنییەکاندا هاتووە کە خۆلیۆ تۆس باشترین راهێنەری توانای جەستەییە کە تیپەکە هەیبووە، بەبەڵگەی ئەوەی ئەم راهێنەرە ماوەیەکی کەمە لەگەڵ یانەکە دەستبەکار بووە، بەڵام توانای جەستەیی یاریزانانی بارسا دەرخەری ئەو راستییەن کە ئەو راهێنەرە تاچەند کاریگەرە لەسەر یاریزانانی یانەکە.
خۆلیۆ تۆسی ئیسپانی، لەساڵی 2012 تاوەکو 2021 لەگەڵ ئەنتۆنیۆ کۆنتی کاری کردووە و راهێنەری توانای جەستەیی هەریەک لە یانەکانی یوڤێنتوس، هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، ئینتەرمیلان، چێڵسی و تۆتێنهام بووە و لا مانگی هەشتی ئەمساڵەوە لەگەڵ تیمەکەی هانسی فلیک کاردەکات.
مارکۆس سۆرگی ئەڵمانی، پیاوێکی دیکەی کاریگەرە لە تیمی فلیکدا، کە راهێنەرێکی تایبەتە بە ئۆفساید.
ئەو رۆژانە لە مەشقەکان خۆی سەرپەرشتی یاریزانەکان دەکات و فێری ئەوەیان دەکات کە چۆن بتوانن یاریزانانی تیپە رکابەرەکانیان بخەنە ئۆفسایدوە و هێرشەکانیان پووچەڵ بکەنەوە.
ئەوەی بەڵگەیە لەسەر کاریگەری مارکۆس سۆرگ و ئەو کارەی کە بۆ تیپەکەی فلیک دەیکات، ئەوەیە کە لەم وەرزەدا تاوەکو ئێستا 11 گۆڵ بەرامبەر بارسێلۆنا بەهۆی ئۆفسایدەوە هەڵوەشاوەتەوە.
ئەوەی ئەرکی سۆرگی ئاسانتر کردووە لە بارسێلۆنا، ئەوەیە کە ئاشنایە بە فلیک، چونکە لە 2016 تاوەکو 2023 یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بووە و بەشێکی لەگەڵ فلیک بووە، کە سەرپەرشتی مانشافتی کردووە.
یانەی بارسێلۆنا تاوەکو ئێستا لە لالیگادا ئاستێکی بەرزی پێشژکەش کردووە و لە 11 یارییدا 10 یاری بردووەتەوە و بە کۆکردنەوەی 30 خاڵ پێشەنگی ریزبەندیی خولەکی گرتووە و 6 خاڵ لەپێش ریال مەدریدی خاوەنی پلەی دووەمە، کە دوایین بردنەوەی بارسا بەرامبەر ریال مەدرید بوو لە کلاسیکۆدا و 4-0 لێیبردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ