سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای یاریزانێکی دهۆک دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی دهۆک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای یاریزانێکی یانەی دهۆک دەکات، بۆ ئەوەی یاری بۆ هەڵبژاردەی عێراق بکات.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دوای ئەو ئاستەبەرزەی لەم وەرزەدا لەگەڵ یانەی دهۆک پێشکێشی دەکات، خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق زۆر بەتواناکانی پیتەر گۆرگیس، ئەستێرەی یانەکە سەرسام بووە و داوای یاریزانەکە دەکات و محەممەد شیاع سوودانیش داوایکردووە هەرچی زووە کارەکانی ئەو یاریزانە تەواو بکرێن.
 
پیتەر گۆرگیس تەمەنی 24 ساڵە، لە ئوسترالیا لە دایکبووە و وڵاتینامەی سوێدی هەیە، یاریی بۆ هەڵبژاردەی خوار 17 ساڵان و 19 ساڵانی سوێد کردووە.
 
رووداو پەیوەندیی بە بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکەوە کرد و گوتی "راستە لیژنەی کاروباری یاریزانە پیشەگەرەکان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق داوای زانیارییەکانی پیتەر گۆرگیسیان کردووە و دەیانەوێت یاریزانەکە بۆ هەڵبژاردەی عێراق یاری بکات و چاوەڕواندەکەین لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەوە رووبدات."
 
پیتەر گۆرگیس، لە دیارترین ئەستێرە پیشەگەرەکانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقە و لەگەڵ یانەی دهۆک ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات، لە یاریی بەرامبەر زاخۆ بە گۆڵێکی سەرنجڕاکێش هاوکاریی یانەکەی کرد بۆ بەدەستهێنانی خاڵێک لە دێربیی بادیناندا.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە