درۆگبا: تێری هێنری شایستەی 10 باڵۆن دۆر بوو

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن باڵۆن دۆر تێری هێنری دیدێ درۆگبا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دیدێ درۆگبا، ئەفسانەی پێشووی یانەی چێڵسی و هەڵبژاردەی کۆتدیڤوار، باسی لەو یاریزانانە کردووە کە شایستەی بەدەستهێنانی باڵۆن دۆر بوون، بەڵام لەژیانیاندا وەریاننەگرتووە. ئەو دەڵێ تێری هێنری شایستەی 10 باڵۆن دۆر بوو.
 
وێڕای ئاست و ئەنجامی ناوازەی لەگەڵ ئارسینا و بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی فەرەنسا، بەڵام تێری هێنری لەژیاندا باڵۆن دۆری بەدەستنەهێناوە.
 
دیدێ درۆگبا، لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی کام یاریزان شایستەی باڵۆن دۆر بوو، بەڵام بەدەستینەهێنا، دەڵێ، "تێری هێنری شایستە بوو 10 باڵۆن دۆر بباتەوە، ئەو لە پرێمەرلیگ زۆر ناوازە بوو".
 
دۆرگبای گۆڵکەری پێشووی چێڵسی کە لە نێوان 2004 تاوەکو 2012 یاریی بۆ ئەو یانەیە کردووە، دەڵێ، "ئەو ناوازەبوو لە چامپیۆنزلیگ و فەرەنساش، هەموو شتی بردەوە و گۆڵی زۆری تۆمارکرد و پێشەوایەتی تیپەکانی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکان".
 
دیارترین ئەنجامی هێنری لە باڵۆن دۆردا، بەدەستهێنانی پلەی دووەمی ساڵی 2003 بوو لە پاش پاڤیل نێدڤێدی چیکی. هەروەها پلەی سێیەمی لە 2006 بەدەستهێنا، پاش هەریەکە لە فابیۆ کاناڤارۆ و جیان لویجی بۆفۆن کە نازناوی مۆندیالیان بردبووەوە.
 
هێنری دووجار بەباشترین یاریزانی پرێمەرلیگ هەڵبژێردرا لە 2004 و 2006 و چوار جاریش خەڵاتی پێڵاوی ئاڵتوونی لە پرێمەرلیگ بەدەستهێناوە کە تاوەکو ئێستا ژمارەی پێوانەییە.
 
هێنری، هەروەها لەگەڵ ئارسیناڵ دوو نازناوی پرێمەرلیگی بەدەستهێناوە و لەگەڵ بارسێلۆناش نازناوی چامپیۆنزلیگ و لەگەڵ فەرەنسا یۆرۆ و چەندین نازناوی دیکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە