دواخستنی یارییەکەی ڤالێنسیا کێشە بۆ ریال مەدرید دروست دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ریال مەدرید زریانی دانا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

شارەوانی هەرێمی ڤالێنسیا بڕیاریداوە سێ رۆژ ماتەمینی بێت و هەموو چالاکیییە وەرزشییەکان بە یاریی ڤالێنسیا و ریال مەدریدەوە لەلالیگادا رابگرێت، پێشبینیش دەکرێت یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بەفەرمی بڕیاری دواخستنی یارییەکە بدات.
 
بڕیارە رۆژی شەممە لە گەڕی 11ـی لالیگادا، ڤالێنسیا لەسەر یاریگای مێستایا میوانداریی ریال مەدرید بکات، بەڵام بەئەگەری زۆرەوە یارییەکە دوادەخرێت بەهۆی ئەو زریانەی هەرێمەکەی گرتووەتەوە و قەیرانێکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
 
میدیای ئیسپانیا، دەڵێت "دەستەڵاتدارانی ڤالێنسیا بڕیاری ئەنجام نەدانی یارییەکەیان داوە، بەڵام هێشتا پێویستی بەوەیە یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بەنووسراوی فەرمی دواخستنی یارییەکە رابگەیێنێت". دەستەی لالیگاش داوای دواخستنی دوو یاریی کردووە، ڤالێنسیا و ریال مەدرید و یارییی ڤیاریال و رایۆ ڤاییکانۆ کە لە ڤیاریال بەڕێوەدەچێت و نزیکە لە شوێنی زریانەکە.
 
هەرچەندە یاریگای مێستایا کە شوێنی یارییەکەیە، هیچ زیانێکی بەرنەکەوتووە، هەروەها تەواوی شاری ڤالێنسیاش کێشەی بۆ دروست نەبووە، بەڵام بەوەی ئەو دۆخە کارەساتئامێزەی لێیکەوتووەتەوە، کاتەکە گونجاو نییە بۆ ئەنجامدانی یارییەکە.
 
بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید، بە بەرپرسانی یانەی ڤالێنسیای رکابەریان راگەیاندووە کە لارییان نییە لەوەی یارییەکە دوابخەن و لەو بارەیەوە هیچ کێشەیەکیان نابێت.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، کە دواخستنی یارییەکە لە بەرژەوەندی ریال مەدریددا نییە، چونکە بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی مارکا، نزیکترین وادە بۆ ئەنجامدانی یارییەکە ئەگەر دواخرا، لە مانگی شوباتدا دەبێت، لە رۆژانی 11 یان 13 یان 18 یان 20 بەمەرجێک ریال مەدرید نەچووبێتە قۆناخی پاشکۆ لە چامپیۆنزلیگدا، واتا یەکێک بێت لە 8 تیپی سەرکەوتوو لە قۆناخی یەکەمدا.
 
وەک مارکا باسی دەکات ئەگەر ریال مەدرید لە پلەی 9 تاوەکو 24ـی چامپیۆنزلیگ بوو، ناتوانێت یارییە دواخراوەکەی بەرامبەر ڤالێنسیا تاوەکو مانگی نیسانی داهاتوو ئەنجام بدات، کە ئەوکاتیش ماوەیەکی یەکلاکەرەوەی وەرزە و ئەنجامدانی ئەو یارییە لەو کاتەدا کێشە بۆ ریال مەدرید دروست دەکات.
 
میدیای ئیسپانیا رایگەیاندووە "تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 کەس بەهۆی ئەو لافاوەی ڤالێنسیای گرتووەتەوە، گیانیان لەدەستداوە، و هێشتا ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان لە ئارادایە".
 
دەزگای کەشناسی ئیسپانیا، رۆژی سێشەممە دۆخی ئەوپەڕی ئامادەباشی لە رۆژهەڵاتی هەرێمی ڤالێنسیا راگەیاند، هاوکات تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی بەهۆی زریانی دانا لەنێو ئاوی لافاودا گیریان خواردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە